مەسرور بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی گرووپی سەرجەم پارتەکانی پەرلەمانی بەریتانیا کرد
لەو دیدارەدا مەسرور بارزانی دەستخۆشی لەو گرووپەی پەرلەمانتارانی بەریتانیا کرد بۆ ھاوکاری و پشتگیرییەکانیان لە ھەرێمی کوردستان و باسی لە ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت کرد.
ھەر لەو دیدارەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان کرا و جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھەوڵەکانی خۆی بۆ پێشکەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان چڕتر بکاتەوە.
لەلای خۆیەوە شاندی گرووپی ھەموو پارتەکانی پەرلەمانی بەریتانیا جەختیان لە بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەریتانیا کردەوە و مەبەستی سەردانەکەشیان روونکردەوە، کە لەلایەک ھانی وەبەرھێنەرانی بەریتانیا دەدەن روو لە ھەرێمی کوردستان بکەن، لەلایەکی دیکەوە دەیانەوێت لێکۆڵینەوە لەبارەی چۆنێتی ھاوکاری کردنی پەنابەران و ئاوارەکان بکەن.
لەکۆتایی دیدارەکەدا وێڕای بەئاوات خواستنی سەرکەوتن بۆ مەسرور بارزانی لە ئەرکی نوێیدا، ئامادەیی خۆیان بۆ پشتیوانی کردن لە کابینەکەی دەربڕی، لەمیانەی ھاندانی سەرمایەدارانی بەریتانیا و بەشداری کردنیان لە بەرەوپێشەوەبردنی بواری ئابووریی و پێشکەشکردنی پسپۆڕی بۆ بوارە جیاکانی ھەرێمی کوردستان.
باسنیوز
