لە ئایندەیەکی نزیکدا بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک دەکرێتەوە

 لە ئایندەیەکی نزیکدا بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک دەکرێتەوە


هەوڵەکانی لێژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک کە بە بڕیاری سەرۆک بارزانی پێکهاتووە، بەردەوامە و ئەندامێکی لێژنەکەش ئاشکرای دەکات کە لە ئایندەیەکی نزیکدا بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک دەکرێنەوە.



شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی لێژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک ڕای گەیاند، هەوڵەکانی گەڕانەوەی پارتی لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووکە و ”دوای ئاساییبوونەوەی دۆخەکەش، ئێمە بۆ شارەکە دەگەڕێینەوە، هەرچەندە هیچ کات کەرکووکمان جێنەهێشتووە و ئەوەی پارتی بۆ کەرکووک کردوویەتی، هیچ حزبێک نەی کردووە“.



ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە هەفتەی ڕابردوو، دوایین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لە بەغدا ئەنجام داوە کە تایبەت بووە بە ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک، گوتیشی: ”گفتوگۆکان قۆناغی باشیان بڕیوە و پێشبینی دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامی خێری هەبێت، گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتی بەشێکە لەو پرسە و بە دڵنیاییەوە لە دوای ئاساییکردنەوەی دۆخەکەش، بارەگاکانی پارتی بە شێوەیەکی شکۆمەندانە، هاوشێوەی پێش ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، بە ڕووی ئەندام و لایەنگرانی پارتی پارتی بەم نزیکانە دەکرێتەوە و پرسی ئیدارە و مەلەفی پارێزگاش ھاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا چارەسەر دەکرێت".



هەر لەو لێدوانەیدا بۆ ڕادیۆی (نەوا)، شاخەوان عەبدوڵا ڕوونی کردووەتەوە، دەبێت دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە، بارەگاکانی پارتی بگەڕێتەوە و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکیش دوای گەڕانەوەی، لە ماوەی هەفتەیەکدا دەتوانێت کەسێک وەک پارێزگاری کەرکووک هەڵبژێرێت. گوتیشی: ”بەلامانەوە گرنگە کەسەکە جگە لەوەی پارتی و یەکێتی بێت، کەسێکی دڵسۆز بێت و تێوە نەگلا بێت لەگەندەڵی و تەعداکردن لە خەڵک لە ماوەی رابردوو، ھەروەھا پێکھاتەکانی دیکەی کەرکووکیش لەسەری ڕەزامەند بن".



لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە کە کەرکووک و ناوچەیەکی زۆری کوردستان کەوتنە ژێر دەستی میلیشیا عێراقییەکان، زۆربەی هەرە زۆری بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن میلیشیا و هێزەکانی عێراقەوە داگیر کران.







باسنیوز
Top