ڤیان سەبری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: سهردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بهغدا دهرگای چارهسهكردنی كێشهكانی كردهوه
سەرەتا سەبارەت بەگرنگی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی:( سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا سەردانێكی زۆر گرنگ بوو بۆ سێ ئاستی سەرۆكایەتیەكەی عێراق ، ئەو پێشوازییە گەورەیەی لەجەنابیان كراو ئەو دیدارو چاوپێكەوتنانەی سەرۆكی هەرێم و شاندی یاوەری ئەنجامیاندا ئەوە دەردەخات كە سەركردەكانی عێراق بەگرنگییەوە دەڕواننە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی وەكو كەسایەتیەكی گرنگ و ناسراو لەهەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا، ئەمەش یەكەمین سەردانی جەنابیانە وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا هەربۆیە لەلایەن چاودێران و میدیاكارانەوە گرنگیەكی زۆر بەسەردانەكەو شاندە گەورەكەی درا، لەو سەردانەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دانیشتنی لەگەڵ دكتۆر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، بەشێوەیەكی گشتی سەردانەكەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆبەغدا بۆ بەهێزكردن و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق و چارەسەركردنی كێشەكانە لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا بەتایبەتی كە جەنابیان لەلای عێراقیەكان و هێزەكانی ناوچەكە رۆڵ و پێگەیەكی گرنگیان هەیە لە چارەسەركردنی قەیران و كێشەكاندا ).
سەبارەت بەو بابەت و پرسانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا باسی لێوەكرا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی:( لەهەموو سەردانێكدا كۆمەڵێك بابەتی هەنووكەیی و پرسی گرنگ باسی لێوەدەكرێت و تاوتوێ دەكرێت، سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا گرنگ بوو سەرەتا رێزدار نێچیرڤان بارزانی كاریزمایەكی حەكیمانەیە و سەلماندویەتی كە چی رۆڵێكی هەیە لە چارەسەركردنی قەیران و كێشەكاندا، هەربۆیە لەو سەردانەدا باس لە گرنگترین پرسە هەنووكەییەكان و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرا، ئەوەبوو رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دكتۆر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عراق كۆمەڵێك بابەتیان تاوتوێ كرد، كە گرنگترینیان بابەتی دۆسێی ئەمنی و ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەتی كە لەم ماوەیەی رابردوودا دووبارە بابەتی ئەمنی و تیرۆرو كوشتن لەناوچە جێناكۆكەكان سەریهەڵداوەتەوە، ئەمە وێڕای ئەوەی هەردوو لا باسی بابەتە ئابوورییەكانیشیان كرد لەوانە بابەتی بودجەی گشتی عێراق و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە و بابەتی نەوت و غازی سروشتی و یاساكانی نەوت و غازو پرۆژەی دادگای فیدراڵی ، هەروەها تەعدیلكردنی یاساكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە دەبێت ساڵی 2020 بێتە ئەنجامدان، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاری دامەزراندنی لێژنەی هاوبەش درا، لەم بارەیەوە بڕیاردرا دوو لێژنەی هاوبەش لەنێوان حكومەتی فیدراڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرێت . لەلایەكی دیكەشەوە رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن سەرۆكی كۆماری عێراقەوە پێشوازی لێكرا و باس لە دروستكردنی هەماهەنگی لەنێوان هەموو هێزە كوردستانیەكان كرا چ لە كوردستان یاخود لە بەغدا ئەمەش بۆ ئەم قۆناغە گرنگە تاوەكو هەموو هێزەكان لە كوردستان و عێراق پاڵپشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ بەرگریكردن لەمافەكانی گەلی كوردستان و پاراستنی یەكڕیزی و بەهێزبوونی كورد لەهرێم و بەغدا ، لەمبارەیەشەوە بڕیاردرا كە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان لەریزبەندی پێشەوەی بەرژەوەندییەكان بێت. لەسەردانەكەشیدا بۆ لای بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رێزدار نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەڕێز حەلبووسی باسی گرنگی بوونی هەماهەنگی نێوان ههەرێمی كوردستان و عێراقی كرد تاوەكو بتوانرێت بەهەمووان هەندێك یاسا و تەشریعاتی گرنگ هەیە بەهەماهەنگی تێپەڕێنرێت بەتایبەتی یاساكانی بودجەو نەوت و غاز و یاسای دادگای فیدراڵی و یاسای خزمەتی مەدەنی و هەموو ئەو پرۆژانەی كە بە پرۆژەی فیدراڵی ناودەبرێت ).
سەبارەت بەگرنگی سەقامگیری هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و بەپێچەوانەشەوە ڤیان سەبری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی:( پێگەی هەرێمی كوردستان بۆ عێراق و ناوچەكە ونێودەوڵەتی وەكو جیوسیاسی زۆر گرنگە، هەربۆیە بەهەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە عێراق و ناوچەكەو جیهانەوە بە ئیجابی و گرنگییەوە دەڕواننە ئایندەی هەرێمی كوردستان و رۆڵی بەڕێزیان لە پاراستنی سەقامگیریی و پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەسەر بنەمای دۆستایەتی و لێكتێگەیشتنی هاوبەش ، سەدرانی بەڕێزیان بۆ بەغدا یەكەمین موبادەرەیە لەدوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لەلایەن سەركردە عێراقیەكانەوە بە شیعەو سوننەكانەوە بەگرنگییەوە وەسفیان كردوو هەمووان ئومێدیان خواست لەم بارودۆخەدا بتوانن پێگەوە چارەسەری كێشەكان بكرێت و دۆخەكە تێپەڕێنرێت و پێگەوە عێراق و كوردستانیش بەرەو پێشەوە ببەن، بەتایبەتیش كە لە رابردوودا سەلماندویەتی كە هەموو جارێك رۆڵی لە هێوركردنەوەی كێشەكان و چارەسەركردنی تەنگژەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەندی هەبووە ، تەنانەت هەموو چاودێرە سیاسییەكانی عێراق زۆر بەئیجابی وەسفی رۆڵ و پێگەی ئەم سەركردەیە دەكەن هەمووان لەبیریانە ئەو كاتانەی كە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بووە چی رۆڵێكی لەچارەسەركردن و تێپەڕبوونی رۆژە سەختەكان هەبووە، لەم روانگەیەشەوە هەموو چاودێرانی سیاسی و سەركردە عێراقیەكان پێیان وایە رێزدار نێچیرڤان بارزانی كاریزمای چارەسەركردنی رۆژە سەختەكان و قەیرانەكانەو رۆڵ و پێگەی ئەو بەرز دەنرخێنن.
سەبارەت بەسەردانەكە رێزدار سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لەم دۆخەی ئێستادا كە خۆپیشاندانەكان لەبەسرا سەری هەڵداوەتەوەو حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی زۆر بەگرنگییەوەدەڕوانێتە تەواوكردنی كابینە وەزارییەكەی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی : ( حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بۆ عێراق و كوردستان كرنگە بەڵام ماوەی جێبەجێكردنی بەرنامەكەی دكتۆر عادل عەبدولمەهدی كە هەندێك بڕگەی 3 مانگ و هەندێكی دیكەی 6 مانگ بوو گرنگ بوو بەداخەوە ماوەكەی بەسریدا تێپەڕی و نەیتوانی ئەو بەرنامە حكومی و وەزارییەی جێبەجێ بكات ، تەنانەت وا ساڵێكی بەسەردا تێپەڕی تا ئێستا 4 وەزیر لەكابینەكەی یەكلای نەبۆتەوە ، ئەمە وێڕای بەردەوامی خراپبوونی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان ، لەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی رەنگە باسی مەسەلەی یەكلاكردنەوەی 4 وەزیرەكەش كرابێت. لەسەر ئاستی شەقامی عێراقیش نارەزایەتییەكان و جوڵاندنی ئەم ناڕەزایەتییانە بەردەوامە بەتایبەتی كە خواست و پێشبینی خەڵكی بۆ ئەم حكومەتەی عادل عەبدولمەهدی زۆرە لەكاتێكدا لەرووی براكتیكییەوە گرفت و كێشەیەكی زۆر هەیە ماوەی دەوێت بۆ چارەسەركردنی ، بەشێوەیەكی گشتی تەواوكردنی كابینە وەزارییەكەی عادل عەبدولمەهدی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و تێپەڕاندنی دەیان یاساو تەشریعاتی گرنگ هەمووی لەریزبەندی پێشەوەی كارەكان دێت ، هەربۆیە توانای حكومەتەكەو كارەكانی لەئاست خواست و ویستی خەڵكیدا نییە.
