حكوومەت فەرمانبەران بۆ وەزارەتی دارایی دەگوازێتەوە

حكوومەت فەرمانبەران بۆ وەزارەتی دارایی دەگوازێتەوە
لەسەر داوای وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەدات لەسەر گواستنەوەی چەندین فەرمانبەر بۆ فەرمانگەیەكی سەر بە وەزارەتی دارایی.

بەپێی چەند نوسراوێكی وەزارەتی دارایی و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران گەیشتوون، لەسەر داوای وەزارەتی دارایی ئەنجومەنی وەزیران داوای لە وەزارەت و فەرمانگەكان كردووە بەشێوەی تەنسیب یان گواستنەوە، راژە فەرمانبەرانیان بگوازنەوە بۆ بەرێوەبەرایەتی ئەندازیاری دهۆك كە سەر بە وەزارەتی داراییە.

بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی دەردەكەوێت ئەو وەزارەتە بۆ ئەو فەرمانگەیەی دهۆك پێویستی بە گواستنەوەی 54 فەرمانبەر هەیە بۆ بەشەكانی (ئەندازیاری، ژمێریاری، كارگێڕی، یاسایی، كۆگا، ئایتی، كارەبا، شوفێر، خزمەتگوزار، زێرەڤانی، بەدالە و پرسگە.

گواستنەوەی فەرمانبەران بۆ ئەو بەرێوەبەرایەتییە، بەشێوەی ئارەزوومەندانەیە و لەسەر داوای فەرمانبەر نووسراو دەكرێت بەو مەرجەی لە سنوری فەرمانگەكانی پارێزگای دهۆك بن.

پێشووتر ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە ٢٢ی شوباتی ٢٠١٦ بڕیارێكی دەركردبوو، گواستنەوەی راژە فەرمانبەرانی لەنێوان وەزارەتەكان راگرتبوو، بەڵام ماوەیەكە بە شێوەی سنوردار گواستنەوە كراوەتەوە.

نەورۆز قازی، سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان پێشووتر رايگەیاند بوو: "بۆ هەندێك فەرمانگە و وەزارەت و بۆ هەندێك پسپۆڕی و ناونیشان، گواستنەوەی راژە كراوەتەوە، بەڵام سنووردارە و زۆر فراوان نییە، بەڵكو بۆ چارەسەریی كەمیی میلاكە".










باسنيوز
Top