کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ هاوپەیمانیی یەکێتیی نەتەوەیی دەستی پێ کرد
کۆبوونەوەی راسپێردراو بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەسیحییەکانی کوردستان، دەستی پێ کرد.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 22-6-2019، مەسرور، راسپێردراو بە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بارەگای هاوپەیمانیی یەکێتیی نەتەوەیی مەسیحییەکان (خاوەنی سێ کورسیی پەرلەمان لە کۆی پێنج کورسی کۆتای مەسیحییەکان)ی کرد و لەگەڵ چەند لایەنێک سیاسیی مەسیحی کۆ بووەوە.
رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتیی پارتی دیوکراتی (بەیت نەهرێن) بە (کوردستان 24)ی راگەیاند، ئەوان بەردەوام پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، چونکە ئەو حکوومەتە ”حکوومەتی خۆمانە“.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، لەگەڵ شاندی یاوەری، سەردانی بەرەی تورکمانی کرد.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بۆ هەمان مەبەست، راسپێردراو بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، لەگەڵ نۆ پارت و لایەنی دیکەی تورکمانی کۆ بووەوە.
هەفتەی رابردووش مەسرور بارزانی سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کۆ بووەوە.
بۆ مسۆگەرکردنی مافە یاساییەکانیان، لە کۆی 111 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی وەک کۆتا بۆ تورکمانەکان، پێنج کورسی بۆ مەسیحییەکان و کورسییەکیش بۆ ئەرمەنەکان جێگیر کراون.
رۆژی سێشەممە 11-6-2019، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ، مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناوزەد کرد و دواتریش ڤاڵا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، نووسراوی ناوزەدکردنەکەیان بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نارد.
رۆژی چوارشەممە 12-6-2019، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راسپارد.
باسنیوز
