کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و 9 پارتی تورکمانی دەستیپێکرد

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و 9 پارتی تورکمانی دەستیپێکرد
مەسرور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی سەرجەم پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە ئێستادا لەگەڵ 9 لایەنی تورکمانی لە کۆبوونەوەدایە.

کەمێک پێش ئێستا، کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و شاندی یاوەریی کە لە هێمن هه‌ورامی، دڵشاد شه‌هاب، شه‌عبان شه‌عبان چالی، ئومێد خۆشناو و فرسه‌ت سۆفی پێکهاتوون، لەگەڵ 9 لایەنی تورکمانی کە خاوەنی چوار کورسی پەرلەمانین دەستیپێکرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، سەرەڕای ئەوەی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان (سکرتێری پەرلەمان) دراوە بە لایەنە تورکمانەکان، بەڵام لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، ئەو لایەنانە داوای پۆستی نوێ لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.

دوای ئەم کۆبوونەوەیە، مەسرور بارزانی لەگەڵ بەرەی تورکمانی کە خاوەنی یەک کورسییە لە پەرلەمان کوردستان کۆدەبێتەوە.

هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکانی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت لەگەڵ هاوپەیمانی نەتەوەیی کریستیانەکان کە خاوەنی سێ کورسی پەرلەمانین کۆ دەبێتەوە.

لە کۆتایی کاروانی کۆبوونەوەکانی، مەسرور بارزانی لەگەڵ هەر یەک لە پارتەکانی بزووتنەوەی ئاشووری و ئەنجوومەنی گەلی کلدانی کۆدەبێتەوە.

رۆژی 17/06/2019، مەسرور بارزانی، لەشاری سلێمانی بە جیا لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاریشە کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت.








K24
Top