بەشیر حەداد : سەرۆکوەزیران ناوی هیچ بەربژێرێکی بۆ پەرلەمان نەناردووە
د.بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق ناوی هیچ بەربرژێرێکی بۆ پەرلەمانی عێراق نەناردووە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
ئەو قسانە لەکاتێکدایە دەنگدان لەسەر بەربژێری وەزارەتەکان و تەواوکردنی کابینەی وەزاریی لە بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەمان دایە، بەڵام وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بۆکرد، دانانی ئەو بڕگەیە لە بەرنامەی کار بۆ ئەوەیە کە نیشان بدرێت پەرلەمان ئامادەیە دەنگ لەسەر بەربژێرەکان بدات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ناوێکیان بەدەستنەگەیشتووە.
ناوی هەریەک لە سەلاح حەریری ئەلعوبێدی بۆ وەزیری بەرگری، عەبدولغەنی ئەسەدی بۆ وەزیری ناوخۆ، سەفانە تائی بۆ وەزیری پەروەردە و، رزگار ئەمین بۆ وەزیری داد دەهێنرێت، بەڵام جێگری سەرۆکی پەرلەمان جەختی لەوەکردەوە، "ئەو ناوانە تەنها قسەی میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و بە فەرمی هیچ ناوێکمان بەدەست نەگەیشتووە".
رووداو
