مەسرور بارزانی لەگەڵ پێکهاتەکانی کوردستان کۆ دەبێتەوە
راسپێردراو بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێکهاتەکان کۆ دەبێتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 22-6-2019، مەسرور بارزانی، راسپێردراو بە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە کۆبوونەوەکانی لەچوارچێوەی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەکەی، بکاتەوە.
مەسرور بارزانی ئەمڕۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییە تورکمان و مەسیحییەکانی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.
هەفتەی رابردوو بۆ هەمان مەبەست، مەسرور بارزانی سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کۆ بووەوە.
بۆ مسۆگەرکردنی مافە یاساییەکانیان، لە کۆی 111 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی وەک کۆتا بۆ تورکمانەکان، پێنج کورسی بۆ مەسیحییەکان و کورسییەکیش بۆ ئەرمەنەکان جێگیر کراون.
رۆژی سێشەممە 11-6-2019، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ، مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناوزەد کرد و دواتریش ڤاڵا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، نووسراوی ناوزەدکردنەکەیان بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نارد.
رۆژی چوارشەممە 12-6-2019، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راسپارد.
باسنيوز
