"لە ناحیەی گرعوزێر بەھۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە حەوت‌ھەزار دۆنم دەغڵ و ھەزار خانوو سووتاوە"

لە ناحیەی گرعوزێری سەر بە قەزای شنگال بەھۆی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەوە بە ھەزارن دۆنم دەغڵودانی جووتیارانی ناوچەکە سووتا و بەڕێوەبەری ناحیەکەش ئاشکرای کرد، لە دوێنێوە ئاگر کەوتووەتەوە و زیاتر لە ھەزار خانووی ھاووڵاتییانیش سووتاوە.

جەلال خەلو، بەڕێوەبەری ناحیەی گرعوزێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "نیوەڕۆی دوێنێ (١٩-٦-٢٠١٩) بەھۆکاری نادیار ئاگر لە زەوییەکانی ناوچەی گرعوزێر کەوتەوە و تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە (٢٠-٦-٢٠١٩) ڕووداوەکە بەردەوام بووە و دوای نیوەڕۆ کۆنتڕۆڵ کراوە. ھۆکاری ئاگرکەوتنەکاوەکانیش تا ئێستا نادیارە و دەستی جیاواز لە پشت سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانی ناوچەکەوە ھەیە، چونکە ھیچ کاتێک وەک ئێستا ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمار نەکراوە."

بەڕێوەبەری ناحیەی گرعوزێر دەشڵێت: "بەھۆی ئاگرەکەی ئەمڕۆەوە حەوتهەزار دۆنم دەغڵودانی جووتیاران سووتاوە و ئاگرەکە بە شێوەیەک بڵاو بووەتەوە گەیشتووەتە سەنتەری ناحیەی گرعوێز و زیاتر لە ھەزار خانوو بە تەواوی سووتاون و زیانی گەورەی ماددی بەر ھاووڵاتییانی شارۆچکەی گرعوزێر کەوتووە."

جەلال خەلو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئیدارەی مووسڵ ئامێری کووژاندنەوەی ئاگری وەکو پێویست نییە و ئەمساڵ نزیکەی ٢٠ ڕووداوی سووتاندنی دەغڵودانی جووتیاران تۆمار کراوە و بەو ھۆیەوە زیاتر لە ٢٠ھەزار دۆنم زەوی سووتاوە، ھەروەھا چەندین ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتییان و شوێنی ئایینی و مێژووییش بوونەتە خەڵووز."
kdp -
Top