لیژنەی پەروەدەی پەرلەمان: بەدواداچوونی ورد بۆ كێشەی قوتابیانی پۆلی 12 دەكەین
حەسیبە گەردی، ئەندامی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان رايگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە 2019.6.20 پێشوازیمان لە نوێنەری قوتابیانی ناڕازی کرد و لە نزیكەوە گوێمان لە گلەیی و داواكارییەكانیان گرت و بەڵێنیی چارەسەركردنی كێشەكانمان پێدان، ئێمەش لەگەڵ وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەكان لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی چارەسەرێكی گونجاوی یاسایی بۆ كێشەكان بدۆزینەوە".
راشی گەیاند" كێشەكان جۆراوجۆرن، بۆ نموونە لەوانەی بیركاری مەسوەدە نەبووە بۆ وەڵامدانەوە و لەوانەی عەرەبیدا دوو هەڵبژاردن راست دەرچوون و لەوانەی ئینگلیزیش پرسیاری دەرەكی هەبووە".
ئەو ئەندامەی لێژنەی پەروەردە ئاماژەی بەوەش كرد: "دەنگۆیەكی زۆر هەیە بە دزەكردنی پرسیار و وەڵامەكانی وەزاری كە ئەمەش كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر دەروونی قوتابیان دروست كردووە، بۆیە لەگەڵ وەزیری پەروەردە قسەمان كردووە و ئەگەر دەركەوت كەمتەرخەمن دەبێ لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، وەزارەتی پەروەردە لێژنەیەكی باڵای پێكهێناوە تاکوو بە زووترین كات راستییەكان دەربەکەون و چارەسەركردنی كێشەكە بدۆزینەوە".
باسنيوز
