"خەڵکێک دەیەوێ ئارامی و پێکەوەژیانی کوردستان تێکبدات"
د. محەمەد بازیانی، کەسایەتی سیاسی بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، دەبێت لەم قۆناغەدا ھێزە سیاسییەکان بەھەستیاری مامەڵە لەگەڵ رەوشەکەدا بکەن و ھەر لێدوانێک و قسەیەک ببێتە مایەی تێکدانی یەکریزی نیشتیمانی بەدیدی من بەرپرسیاریەتی گەورە دەکەوێتە سەر ئەو لایەنە و کەسایەتییە، لەبەر ئەوە دەبێت بزانین چی دەڵێین، چونکە ھەر قسەیەک دەدەچێت لەوانەیە ناحەزانی وڵاتەکەمان سوودی لێوەربگرن و دەتوانێت دووبەرەکی بخاتە نێو ھەرێمی کوردستان، وەک ھەموولایەک ئاگادارن ھەرێمی کوردستان دەیەوێ دوورە پەرێز لە ململانێ ھەرێمی و جیھانییەکان کە ھەیە.
دکتۆر سامان شالی کەسایەتی سیاسی سەربەخۆ ئەویش لای خۆیەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، نەبوونی ھەستی نیشتیمانی وایکردوە رەوتی ھەرێمی کوردستان تێکبدەن، ژینگەیەک بۆ خەڵکێک پەیدابووە ھێرش دەکەن و کەسیش لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناکات، ھیوادارین ئەو ژینگەیەی ھەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەشە بکات لە ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ھەموو کەم و کورتیانەی ھەیە ئێمە شانازی بە ژینگەی پێکەوە ژیان و ئارامی ھەرێمی کوردستانەوە دەکەین، دەبینین لە عێراق چ ژینگەیە خراپ ھەیە و ھەمووی کەوتوونەتە گیانی یەکتر لەنێوان ھەستی نیشتیمانی و مەزھەبی بەش بەشبوونە، بەپێچەوانەوە لەھەرێمی کوردستان ئەو جیاوازیە نییە.
بازیانی دەڵێ، ئاواتێک لەنێو دڵ و دەروونی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دروستبووە و نابێ ئەو ھێوا و ئاواتە بکوژین، پێویستە ھەوڵی چارەسەری کێشەکان بدەین و ھەر گوتار و لێدوانێک بەپێچەوانەی ئەوەوە بێت بەرپرسیاریەتی مێژووی و نیشتیمانی ھەیە
دکتۆر سامان شالی دەڵێ، " هەوڵدان بۆ شکاندنی رەمز شکاندنی شکۆی ئەو کەسانەیە کەخۆیان دەیانەوێ رەمزی خەڵکی دیکە بشکێنن، لەبەر ئەوەی ئەوکەسانە خۆیان شکۆیان نییە، رێزگرتن لە رەمزی ھەموو نەتەوەکان نموونەیەکی جوانە کە پیشاندەدرێ، بزانن لە وڵاتانی دیکە کاتێک ھێرش دەکرێـتە سەر رەمزەکانیان چ کاردانەوەیەکی ھەیە، خەریکە ئێمە لەوە دوور دەکەوینەوە، شکاندنی رەمزەکان مەترسییەکی گەورەیە.
kdp-
