مەسرور بارزانی پێشوازی لە یاریدەدەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان دەکات
لەو دیدارەدا مەسرور بارزانی، پێزانینی خۆی بەرامبەر بڕیاری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە تاوانەكان و هەنگاوەکانی پڕۆسەی دادگاییكردن و سزادانی تاوانبارانی داعش نیشان دا و رای گەیاند، وەکوو دەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی لە جێبەجێکردنی یاسای دادگاییکردنی داعش دەکەین، بەتایبەتی لەسەر ئەو تاوانانەی دەرهەق بە ئێزدییەکانیان کردیان، هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە هەموو یارمەتی و هاوکارییەک پێشکەش دەکەن بۆ ئەوەی ئەو تاوانبارانە پەلکێشی بەردەم دادگایەکی نێودەوڵەتی بکرێن و دادگایی بکرێن.
لەلای خۆیەوە ڕاوێژكاری تایبەتیی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆلینەوە لە تاوانەكانی داعش، پوختەیەکی دەربارەی ئەرك و كارە پێڕاسپێردراوەکەی خستە ڕوو، ئاماژەی بەوەش دا، کە تاوانەکانی داعش لە عێراق و كوردستان ئەنجامی داون دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە.
لەبارەی ئامانجی ئەو لێکۆڵینەوەیە و پرۆسەی دادگاییکردنەکە رایگەیاند، کە بۆ جیاكردنەوەی تاوانباران و ڕەخساندنی زەمینەی ئاشتەوایی نیشتیمانییە.
باسنيوز
