هەدەپە پارەی هاتوچۆی دەنگدەرانی هەڵبژاردنی ٢٣ حوزەیران دابین دەکات

هەدەپە پارەی هاتوچۆی دەنگدەرانی هەڵبژاردنی ٢٣ حوزەیران دابین دەکات
هەدەپە لەم هەفتەیەدا بە سەختی پروپاگندەی هەڵبژاردنی بۆ ئەكرەم ئیمامئۆغلو دەست پێكردووە، داواش لەو دەنگدەرانە دەكات كە لە هەر شوێنێكی توركیان بگەڕێنەوە بۆ ئیستەنبۆڵ و پارەی هاتوچۆیان بۆ دابین دەكات.

هەدەپە بە فەرمی داوای لەو دەنگدەرانەی خۆی كرد، كە بە گەشتی هاوینە هاتوونەتە ئامەد و مێردین و شارەكانی‌تری باكوور، بەرلە ٢٣ی حوزەیران بگەڕێنەوە بۆ ئیستەنبۆڵ دەنگ بە ئەكرەم ئیمامئۆغلو بدەن.

رۆژنامەی (حومهوریەت)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، هەدەپە بە دەنگدەرەكانی گوتووە، ئەگەر بەرلە ٢٣ی حوزەیران بگەڕێنەوە بۆ ئیستەنبۆڵ، پارەی هاتوچۆیان بۆ دابین دەكەن، واتە كڕێی هاتوچۆیان پێ دەدرێت و دەتوانن دوای دەنگدان بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی بۆ گەشتی هاوینە سەردانیان كردووە.

هەروەها بۆ وەرگرتنی پارەی هاتوچۆش، هەدەپە هەموو لقەكانی خۆی لە شارەكانی توركیا ئاگادار كردووەتەوە، كە ئەگەر دەنگدەرێك دانیشتووی ئیستەنبۆڵ بوو و هات گوتی دەچمەوە بۆ ئیستەنبۆڵ و دەمەوێت دەنگ بدەم و بگەڕێمەوە، پارەی هاتوچۆی بۆ تەرخان بكەن.

بە گوێرەی زانیارییەكانیش، دەنگدەرێكی زۆری پارتە سیاسییەكان بەهۆی گەشتی هاوینەوە چوونەتە دەرەوەی ئیستەنبۆڵ، بۆیە جگە لە هەدەپە، هەریەك لە ئاكەپە و جەهەپەش ئامادەن پارەی هاتوچۆی ئەو دەنگدەرانەیان بدەن كە بۆ دەنگدان ئامادەن دەست لە گەشتەكەیان هەڵبگرن و لە ٢٣ی حوزەیران دەنگ بدەن.











باسنيوز
Top