کوردانی ئێزدی بەهیوان لە کابینەی نوێدا ڕۆڵیان پێ بدرێت

	 کوردانی ئێزدی بەهیوان لە کابینەی نوێدا ڕۆڵیان پێ بدرێت
کوردانی ئێزدی دەڵێن، هیوادارین لە کابینەی نوێی حکوومەتدا مەزڵوومیەتی ئێزدییان لەبەرچاو بگرێت و لە کابینەی تازەدا ڕۆڵێان پێ بدرێت بۆ ئەوەی ئێش و ئازارەکانیان سووک بکرێت.

شێخ شامۆ، کەسایەتیی ئێزدی و پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "ئێش و ئازاری ئێزدییان زۆرن و دەمانەوێت ڕۆڵێکی گەورە و باش بە ئێزدییان بدرێت بۆ ئەوەی قورساییی بارودۆخی ئێزدییان سووک بکرێت."

شامۆ دەڵێ: "ئێمە هیوایەکی گەورەمان بە نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی هەیە، چونکە لەسەر ڕێبازی عەدالەتی بارزانین، خۆشییەکی سەرتاسەری لەنێو ئیزدییاندا هەیە و دەشزانین کە چۆن سەرۆک بارزانی لەگەل ئێش و ئازاری ئێزدییەکاندا بووە، ئەوهاش دەمانەوێت ئەم سەرکردە گەنجانە ڕۆڵ بە ئێزدییان بدەن بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆڵێکی گەورە ببینن لە کوردستانێکی بەهێزدا."

هاوکات، خالید نەرمۆ، کەسایەتی و ڕۆشنبیری دیاری ئێزدی دەڵێ: "ئێزدییەکان ڕووبەڕووی گەورەترین کۆمەڵکوژی بوونەتەوە و پێویستیان بە خزمەتە، بۆیە هیوامان بە پارتییە کە ڕۆڵ بە ئیزدییان بدات، بۆ ئەوەی لە ڕێگای حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هاوکاریی ئیزدییەکان بکرێت."

نەرمۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "هیوادارین ئیزدییەکان لە پۆست و پلەکانی کابینەی تازەی حکوومەت بیبەش نەکرێن."

kdp -
Top