ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: قسەکانی ئارێز عەبدوڵا بایەخیان نییە
پاش ئەوەی ئارێز عەبدوڵا لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لە دەرەوەی ئەو کەشە ئارامەی لەنێو پارتی و یەکێتی لەم دواییانە هاتووەتە ئاراوە، دوواوە و پارتی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە هەندێک شوێندا هیچ مافێکی بە یەکێتی نەداوە.
لە بەرامبەردا هیوا ئەحمەد، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕايگەیاند: ”ئێمە گرنگی بە قسەکانی ئارێز عەبدوڵا نادەین، بەڵام پێویستیشە یەکێتی خۆی کۆنتڕۆڵی ئەو لێدوانە خراپانە بکات کە خەڵک بەناوی حزبەکەوە دەیدەن، ناکرێ ھەر کەس ڕاست ببێتەوە، پەلاماری حزبی بەرامبەر بدات“.
جەختیشی کردەوە کە دەبێت یەکێتی لەسەر ئەم بابەتە بێدە دەنگ و سنووری بۆ دابنێت، چونکە ”بڕیار نییە ھێرشی ڕاگەیاندن بکرێت، ئێمە ئەم لێدوانە بە شتێکی حزبی وەرناگرین، پێمان وانییە تەمسیلی یەکێتی بکات“.
لە کۆتاییشدا دووپاتی کردەوە کە یەکێتی وەک حزب لەگەڵ پارتی خەبات دەکات و لە حکوومەت پێکەوە کار دەکەین، بۆیە ”پێمان باشە خۆی کۆنتڕۆڵی ئەو لێدوانانە بکات کە دژی سیاسەتەکانی خۆیەتی“.
باسنيوز
