ڕێبوار تاڵەبانی: ئەوەی بەعس بە 35 ساڵ لە کەرکووک نەیکرد ڕاکان جبووری بە ساڵێک کردی

ڕێبوار تاڵەبانی: ئەوەی بەعس بە 35 ساڵ لە کەرکووک نەیکرد ڕاکان جبووری بە ساڵێک کردی
ئەمڕۆ ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد و لەگەڵ لیژنه‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم کۆ بووەوە و ئاشکرای کرد سیاسەتی بە عەرەبکردنەوەی کەرکووک و تۆقاندنی کورد بەردەوامە.

لەمبارەوە جوان محەمەد یوونس سەرۆکی لێژنەی ناوچە کوردستانییەکان ڕای گەیاند: "ڕێبوار تاڵەبانی کە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و خاوەن سەنگ و پێگەیەکی هەستیارە و بە پرەنسیپی دیموکراسی هەڵبژێدراوە و بێگومان لەبارەی دۆخی کەرکووکەوە کۆمەڵێک زانیاریی گرنگی لایە بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونی بداتە لێژنەکەمان، بۆیە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەماندا لەبارەی چەند پێشنیارێکەوە گفتوگۆمان کرد و چەند زانیارییەکی گنگی پێدان کە ئێمە بتوانین لە داهاتوودا وەک بەرنامەی کاریی لیژنەکەمان کاری لەسەر بکەین".

لەمبارەوە ڕێبوار تاڵەبانی بۆ میدیاکان گوتی: "لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لیژنەیەکی ئەکتیڤە و زۆر خەمخۆرانە خەریکن کار دەکەن و ئەمە جێگەی دڵخۆشییە. چونکە ئەم بارودۆخەی ئێستا کە تێپەڕ ئەبێ زۆر هەستیارەو خەڵکی ئەو ناوچانە داوای بڕیار و هەنگاوی خێرا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و منیش ئەوەی پێم بکرێت ئامادەم بیکەم"

گوتیشی: "لەم دانیشتنەدا بارودۆخی پێشترم بۆیان باس کرد و دەبێ لەڕێگەی ئەم لێژنە و پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کاری بەپەلە و خێرا و تەنانەت کاتیش بکرێت بۆ ئەوەی چیدیکە لەلایەن حکوومەتی عێراق و میلیشیاکانەوە ئازار و ئەشکەنجەی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان نەدرێت".

ئاماژەی بەوەش کرد: "بەڕاستی ئێستا خەڵکی شاری کەرکووک بەگشتی و بەتایبەتی کوردی کەرکووک لە دۆخێکی هەستیار دان و ئەوەی سەدام حوسێن و بەعس ویستیان بە 35 بیکەن، ڕاکان جبووری پارێزگاری سەپێدراوی کەرکووک بە ساڵێک کردی و هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیا و گۆڕنی مێژووی کەرکووک و بە عەرەبکردنی دەدات"

لەبارەی بارودۆخی ئەمنیی کەرکووکیشەوە گوتی: "ئێستاش ڕێک وەک دۆخی دوای 16ی ئۆکتۆبەرە و فکرێکی سەربازی ئیدارەی دەکات و پشتگیریی هەموو جۆرە توندوتیژی و دڵەڕاوکێ و تۆقاندنێک لەدژی نەتەوەی کورد لە شاری کەرکووک دەکەن بۆ ئەوەی شارەکە بەجێ بهێڵن و من بە ئاگاداری دۆخی ژیانی چەند گەڕەکێک هەم کە تەنیا لە یەک نووسینگەی خانوبەرە نزیکەی 200 ماڵە کورد ماڵەکانیان بۆ فرۆشتن داناوە".











باسنيوز
Top