زانیاری تازە لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران

 زانیاری تازە لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران


بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی راگەیاند، دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانە، گوتی: «نووسراومان بۆ ئەنجومەنی وەزیران کردووە، بۆ ئەوەی پلەبەرزکردنەوە دەست پێ بکرێتەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا فەرمانیان دەرنەکردووە».

روونیشی کردەوە، پلەبەرزکردنەوە بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزەکانی ناوخۆ بەردەوامە، تەنیا پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی راگیراوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە سەرەتای مانگی ٥ی ٢٠١٩ ئەنجومەنی وەزیران نووسراوێکی بۆ وەزارەتی دارایی کردووە و داوای رێکخستنەوی پلەی وەزیفی کردووە.

لە نووسراوەکەدا ھاتووە: «لە دامودەزگاکانی حکوومەت پلەی وەزیفی بە جۆرێک بەرز کراوەتەوە، رەچاوی پلەی وەزیفی و مەرجەکان نەکراوە، بۆیە دەبێت بەپێی رێکارە یاساییەکان پلەی ئەو جۆرە فەرمانبەرانە رێک بخرێتەوە».

ھەر لەو نووسراوەدا، ئەنجومەنی وەزیران داوای لە وەزارەتی دارایی کردووە، بەپێی رێنمایی، پلە بەرزکردنەوە رێک بخاتەوە.

سەرچاوەیەکی باڵای ئەنجومەنی وەزیران راگەیاند، تاوەکوو ئێستا ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران تەواو نەبووە، چاوەڕوان دەکرێ لە کابینەی تازە یەکلا بکرێتەوە.

سەرچاوەکە جەختی کردەوە، سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کۆمەڵێک رەشنووسیان ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی دواتر فەرمانێکی یەکگرتووی بۆ دەربکرێت.

لە ساڵی ٢٠١٦وە پلەبەرزکرنەوە ڕاگیراوە، لە حاڵی دەستپێکردنەوەیدا، نزیکەی ٦٨٠ ھەزار فەرمانبەر پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە و مووچەیان زیاد و ناونیشانیان دەگۆڕدرێت.

ئەرشەد لۆلانی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند، بەداواچوونیان لەسەر پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران کردووە، گوتی: «لە کابینەی تازەی حکوومەتدا پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێ دەکرێتەوە، بۆ ئەوەش راپۆرتی باش لە دارایی و ئەنجومەنی وەزیران ئامادە کراوە».

ساڵانە بەشێک لە فەرمانبەران پلەکانیان بۆ بەرز دەکرێتەوە، کە بەشێکیان ٤ ساڵ جارێکە و بەشێکی تریشیان ٥ ساڵ جارێکە، کە بەھۆیەوە ناونیشانی وەزیفییان دەگۆڕدرێت و مووچەکانیشیان بۆ زیاد دەکرێت.

ئەرشەد لۆلانی، روونی کردەوە، پلەبەرزکردنەوە مافێکی یاسایی و دارایی فەرمانبەرانە، گوتیشی: «ھەر فەرمانبەرێک لەو کاتەی پلەکەی راگیرابێت، لەو کاتەوە بۆی ئەژمار دەکرێت، پلە و ناونیشانیان بەرز دەکرێتەوە و مووچەشیان زیاد دەکرێت».

بەپێی زانیارییەکان، قەبڵاندنی پارەی بەرزەمووچەی فەرمانبەران لە ساڵێکدا نزیکەی یەک ملیار دینارە.

پێشووتر رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رای گەیاندبوو: «پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بابەتێکی تەواو یاساییە و لە ئەمساڵدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو بابەتە چارەسەر دەکات، لەمساڵدا پلەبەرزکردنەوە دەردەچێت و ئەوەی مافی ھەبێت بۆی دەگێڕدرێتەوە».











باسنيوز
Top