مەسرور بارزانی سەردانی لایەنەکانی کلدان، سریان، ئاشوور و تورکمانی دەکات

 مەسرور بارزانی سەردانی لایەنەکانی کلدان، سریان، ئاشوور و تورکمانی دەکات
بە سەردانی مەسرور بارزانیی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو بۆ لای ئەو لایەنانەی بڕیاری بەشداریکردنیان لە حکوومەتدا داوە، ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستیان پێ کرد، بۆ ھەر پۆستێکی وەزارییش، داوا لە لایەنە بەشدارەکان کراوە تا رۆژی ٢٧\٦ چەند کاندیدێک پێشکەش بکەن. سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەدات، لە رووی یاساییەوە، ئەگەر پێکھینانی حکوومەت بکەوێتە پشووی پەرلەمانەوە، بە کۆبوونەوەی نائاسایی دەتوانرێ دەنگی پێ بدرێت.



دوێنێ دووشەمە، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو بە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندێکی یاوەری، سەردانی ھەریەکە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حزبی سۆسیالیست و مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی (گۆڕان) لە سلێمانی کرد، رۆژێک پێش ئەوەش، لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی، وەکوو براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکان کۆ بووەوە. بڕیاریشە لەم چەند رۆژەدا سەردانی لایەنە تورکمانی و کلدان و ئاشووری زو سریانییەکان بکات.



ھاوکات ھەر دوێنێ دووشەمە، لەدوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکێتی، مەسرور بارزانی بە میدیاکارانی راگەیاند، مەبەست لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئەو لایەنە بەشدارانەی حکوومەت، پێشکەشکردنی (سی ڤی)ی کاندیدەکانە بۆ ئەو پۆستانەی کە لە کابینەی نۆیەمدا بەریاندەکەوێت، ئەوەش بۆ ئەوەیە، بە زووترین کات پێکھاتەی کابینەی نوێ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بخرێتە بەردەم پەرلەمانی کوردستانەوە.



لای خۆشیانەوە، عیماد ئەحمەد، سەرۆکی شاندی یەکێتی، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییە ھاوبەشەکەدا رای گەیاند، ھیوادارن لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی دیکە، حکوومەتێکی بەھێز پێک بھێنن، بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتگوزاری پێشکەش بە خڵکی کوردستان بکات.



جەختی لەوەش کردەوە، کە وەکوو یەکێتی لەگەڵ پارتی رێککەوتنیان ھەیە و پابەند دەبن پێوەی و پێشتریش یەکێتی ھاوبەشێکی راستەقینە بووە و ئەوە یەکەم کابینە نییە حزبەکەیان تیایدا بەشداری دەکات.



دواتر، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دوای سەردانی بۆ لای حزبی سۆسیالیست و کۆبوونەوە لەگەڵیاندا، بە ئامادەبوونی محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئاشکرای کرد، لە کابینەی نوێدا وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان بەرکەوتەی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەبێت.



سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو گوتیشی: «ھیوادارین پێش ئەوەی پشووی پەرلەمان دەست پێ بکات، کابینەی نوێی حکوومەت پێک بھێنین، ئەگەر کێشە و گرفتیش ھاتە پێش، لەگەڵ پەرلەمان قسە دەکەین، تا کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجام بدەن، یان پەرلەمان ماوەی کارکردنی خۆی درێژ بکاتەوە، تاکوو بتوانین کابینەکە بەتەواوی پێک بێنین، بەڵام ھیوادارین کە پێش ٣٠ حوزەیران بتوانین کابینە پێک بێنین».



لای خۆشیانەوە محەمەد حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رای گەیاند، گفتوگۆ لەسەر پێکھێنانی کابینەی نوێ کراوە و لە ‌نزیکترین کاتیشدا سی ڤیی کاندیدی خۆیان دەدەنە دەست سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو.



ھەر دوێنێ دووشمە، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی ھەرێمی کوردستان، گەیشتە مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی سلێمانی و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی گۆڕان، لەسەر پرسی یەکلاکردنەوەی کاندیدەکانیان بۆ ئەو پۆستانەی لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا بەر گۆڕان دەکەوێت، کۆ بووەوە.



دوای کۆبوونەوەکەش، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا مەسرور بارزانی رای گەیاند، چاوەڕوانی ئەوە لە گۆڕان دەکەن، بتوانن پێکەوە حکوومەتێکی بەھێز پێکبھێنن.

گوتیشی: «گفتوگۆمان کرد لەسەر پێکھێنانی حکوومەت و داواشمان کرد، سی ڤیی کاندیدەکانیان بۆ وەزارەتەکان پێشکەش بکەن، دڵنیام برادەرانی گۆڕان پێش ئەو وادەیە سی ڤیی کاندیدانی خۆیان ئامادە دەکەن».



لای خۆشیانەوە، ھەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، جەلال جەوھەر، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری گۆڕان رای گەیاند، رێککەوتنمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ھەیە و پابەندین بەو رێککەوتنە، ئەمڕۆش بەڵێنمان دا کە تا بۆمان بکرێت لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا کاندیدەکانمان پێشکەش بکەین».



ئەو کۆبوونەوە چڕانەی مەسرور بارزانی، بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەکاتێکدایە کە لە ١ -٧ -٢٠١٩ تاوەکوو ١ -٩ -٢٠١٩، پەرلەمانی کوردستان، دەکەوێتە پشووی ھاوینەوە و ماوەی ٣٠ رۆژیش لە رووی یاساییەوە لەبەردەم مەسرور بارزانی، راسپێردراو بە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە کە کابینەکەی پێک بھێنێت، کە لە رۆژی ١٢ی ئەم مانگەوە، لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە بە مەرسوومێکی ھەرێمی، بۆ پێکھێنانی حکوومەت ڕاسپێردراوە، بەو پێیەش بێت ١٢ رۆژ لە وادەی یاساییەکەی دەکەوێتە پشووی پەرلەمانەوە.

بەپێی زانیارییەکانی(باس)، ھەوڵی زۆر بۆ ئەوەیە، کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێش ٣٠ی ئەم مانگە، واتا ١٢ رۆژ پێش وادەی کۆتایی دیاریکراو پێک بھێنرێت، بۆ ئەوەش داوا لە لایەنە بەشدارەکان کراوە، کە تا رۆژی ٢٧\٦ کاندیدەکانیان بۆ پۆستە وەزارییەکان پێشکەش بکەن.

ھەر بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکاندا باس لەوەش کراوە، بۆ ھەر پۆستێک چەند کەسێک کاندید بکرێت و دواتر لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی راسپێردراو بە پێکھێنانی حکوومەت، یەکیان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە وەزارییەی دیاری کراوە، بەپێی پسپۆری و تایبەتمەندیی کەسەکان یەکلا بکرێتەوە.



لەم بارەیەوە، بژار کۆچەر، سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، چاوەڕوانکراوە پێش وادەی پشووی پەرلەمان، پێکھاتەی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، بھێنرێتە پەرلەمانی کوردستان و دەنگی بۆ بدرێت، گوتیشی: “ئەگەر لە دۆخێکدا کەوتە پشووی پەرلەمانەوە، ئەوە لە رووی یاساییەوە ھیچ گرفتێکی نابێت، چونکە پەرلەمانی کوردستان بەپێی پەیڕەو، ئەگەر لە پشووشدا بێت بۆ ئەو بابەت و پڕۆژانەی بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کوردستانی تیادا بێت، دەتوانێ کۆ ببێتەوە و دەنگیان لەسەر بدات”.



جەختی لەوەش کردەوە، دەنگدان بە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە دەنگی زۆرینەی پەنجا کۆ یەک دەبێت، گوتیشی: «بەپێی رێککەوتنی لایەنەکان کە ھەیە، کابینە نوێیەکەی کاک مەسرور بارزانی، لەوەدا ھیچ گرفتێکی نابێت، ئەگەر چەند کاندیدێکیش بۆ چەند وەزارەتێک بڕیاری یەکلاکەرەوەیان لەسەر نەدرابێت، ھەر دەتوانێت لە رووی یاساییەوە حکوومەتەکە دەنگی بۆ بدرێت و دەست بەکار بێت، بەڵام ئەو ھاتنەپێشەوەی لایەنەکان بۆ بەشدارییان لە حکوومەت، لەوە ناچێت ھیچ گرفتێک لە پێکھێنانی حکوومەتدا مابێت و ئەگەری زۆرە پێش پشووی پەرلەمانی کوردستان، پێکھاتەی حکوومەت ئامادە بکرێت و دەنگی بۆ بدرێت».



ھاوکات، مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ (باس) جەختی لەوە کردەوە، یەکێتی کاندیدەکانی بە کەمتر لە ھەفتەیەک پێشکەش دەکات و لەوەدا ھیچ گرفتێکی نییە، گوتی: “ھەوڵی ھەموو لایەک بۆ ئەوەیە، پێش پشووی پەرلەمان، حکوومەت رابگەیەنرێت”.






باسنیوز
Top