بەرپرسێکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی: هەوڵێک لە دژی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەیە
کاوە گەردی، کارگێری دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رايگەیاند: ”ماوەیەکە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە بیانووی جۆراوجۆر، دەستیکردووە بە گۆڕینی بەڕێوەبەری بەشەکانی ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق و لە سەرووی هەمووشیان گۆڕینی بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنەکەیە“.
ڕوونیشی کردەوە، گۆڕینی بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێر و ژمارەیەک بەرپرسی بەشەکان، ھۆکارێکی سیاسییە و لە بەغداوە چەند کۆمیسیارێکی لایەنێکی سیاسیی کوردی ئەم ھەوڵەیان دەستپێکردووە و ھۆکارەکەش سیاسییە. بۆیە ھۆشداری دا و داوای کرد ڕێگری لەم هەوڵە بکرێت. گوتیشی: ”لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە پارتی لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان دوورخراوەتەوە و چەند لایەنێکی سیاسیی کوردی ئەمەیان بە ھەل زانیوە و دەستیان بەم رێکارە کردووە. ئێستاش سووتاندنی کۆگاکەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانیان کردووەتە بیانوو بۆ ئەم مەرامە سیاسییەیان“.
جگە لە بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەولێر، ژمارەیەک بەرپرسی بەشەکان و ھۆبەکان کە لە پشکی پارتی بوون، گۆڕدراون و کەسانی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە جێگەیان دانراون.
باسنيوز
