مەسرور بارزانی: چاوەڕێین یەکێتی سیڤیی کاندیدەکانی پێشکەش بکات
کەمێک لەمەوبەر (دووشەممە ١٧ی ٦ی ٢٠١٩)، کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و شاندی یەکێتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە لە سلێمانی کۆتایی هات و لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان مەسرور بارزانی ڕای گەیاند: ”دەمانەوێ لەم ماوەیەدا سیڤییەکان ئامادەبکرێن، چونکە پێش وادەی خۆی سیڤیی کاندیدەکان پێشکەش بە پەرلەمان دەکەین“.
لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ یەکێتی گوتوویەتی ئەگەر پارێزگاری کەرکووکیان پێ نەدرێت ئەوا بەشداری لە حکوومەتدا ناکەن، مەسرور بارزانی رای گەیاند: ”نەخێر یەکێتی وای نەگوتووە، ئەرکی ئێمە بۆ پێکهێنانی ئەو کابینەیەیە، برادەرانی یەکێتی پابەندی ڕێککەوتنەکانن و ئیشەڵا لە وادەی خۆی چاوەڕێین برادەرانی یەکێتی سیڤیی کاندیدەکانیان پێشکەش بکەن و خەڵکی لەم چاوەڕوانییە ڕزگاریان ببێت“.
لەلایەن خۆشیەوە عیماد ئەحمەد کە سەرۆکایەتیی شاندی یەکێتی دەکرد، ڕای گەیاند: ”ئێمە وەکوو یەکێتی چەند رێککەوتنێکمان لەگەڵ پارتی هەیە و سوورین لەسەر جێبەجێکردنی. ئێمە شەریکێکی حەقیقین و ئەوە یەکەمین کابینە نییە و پێشتریش بەشداریمان کردووە، هیوادارین ئەم کابینەیە تەواوکەری کابینەکانی پێشوو بێ و کێشەکان چارەسەر بکات. وەکوو پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکە ئەرکی سەرشانی هەموومانە ئەم دەستکەوتە بپارێزین و بەرەوپێشی ببەین“.
بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ، مەسرور بارزانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کۆببێتەوە.
باسنيوز
