پرۆسەی دابەشکردنی مووچە خێراتر دەکرێت

 پرۆسەی دابەشکردنی مووچە خێراتر دەکرێت
بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرای کرد کە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان ڕادەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کردووە و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی دابەشکردنی مووچە خێراتر بکرێت.



سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی ڕاگەیاند، دوێنی ١٦ی ٦ی ٢٠١٩، پارەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە بەغداوە بۆ وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان نێردراوە.



لەمبارەیەوە عابد مزووری، بەڕێوەبەری گشتیی لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە پاش ئەوەی فەرمانی خەرجکردنی پارەکەیان بۆ هاتووە، مووچەیان ڕادەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کردووە.



بەپێی ئەو زانیارییانەی لە گەنجینەی دارایی دەست کەوتووە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مووچەی وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاسایش و ئەنجومەنی ئاسایش و زێرەڤانی و بەرگری و فریاکەوتن، لەگەڵ مووجەی وەزارەتەکانی (پلاندانان، گواستنەوە و گەیاندن، شارەوانی و گەشتوگوزار، کشتوکاڵ و ئاودێری و وەزارەتی کارەبا، لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی، مافی مرۆڤ، دەستەی ژینگە، کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن، دەزگای مین دەستەی وەبەرھێنان، دەستپاکی، ناوچە کوردستانییەکان و مووچەی وەزارەتەکانی پیشەسازی و بازرگانی، ڕۆشنبیری و لاوان، ئاوەدانکردنەوە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی ھەرێم، ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە و مەدەنی) خەرج دەکرێت.











باسنیوز
Top