رێزدار مەسروور بارزانی لە سلێمانی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان و سۆسیالیست کۆدەبێتەوە

 رێزدار مەسروور بارزانی لە سلێمانی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان و سۆسیالیست کۆدەبێتەوە
مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی راسپێرداو بۆ پێکهێنانی حکومەت سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ هەر یەک لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و سۆسیالیست کۆدەبێتەوە.

هاوکار یاسین، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە 17-6-2019 مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی راسپێرداو بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی سلێمانی دەکات. یەکەمین کۆبوونەوەی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبێت، دواتر بۆ نیوەڕۆ خوانێک دەچنە لای حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و لەگەڵ ئەوانیش کۆدەبنەوە، بڕیارە لە کاژێر 15:00ی ئەمڕۆ سەردانی گردی زەرگەتە بکەن و لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆببێتەوە".

بەگوتەی پەیامنێری رووداو، کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی راسپێرداو بۆ پێکهێنانی حکومەت وەک کۆبوونەوەی رۆژی رابردووی لەگەڵ پارتی، زیاتر کۆبوونەوەیەکی راوێژکارییە و تەنها داوای سیڤی وەزیر و بەربژێرەکان بۆ پۆستە حکومییەکان دەکات، ئەمەش لەکاتێکدا کە لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت رێککەوتنی سیاسیان لەنێوان خۆیاندا کردووە، واتە بەشێک لە کارەکانی مەسروور بارزانی کۆتاییهاتووە.

رۆژی یەکشەممە 16-6-2019 مەسروور بارزانی، سەردانی مەکتەبی سیاسی پارتی کرد و دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ئامانجی سەردانی بۆلای لایەنەکان لە وەڵامی سەنگەر عەبدولڕەحمان پەیامنێری رووداو گوتی: "ئامانج گفتوگۆکردنە لەبارەی پشکی ئەو لایەنانە لە حکومەت". گوتیشی: "پێشتر رێککەوتن لەبارەی چۆنیەتی دابەشکردنی وەزارەتەکان کراوە ئێستا داوای سیڤی وەزیرەکان دەکەین لەهەموو لایەنەکان تاوەکو لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا بتوانین کابینەکە بخەینە بەردەم پەرلەمان".

پەیامنێری رووداو ئاماژە بۆ ئەگەرێک و ئەو چاوەڕوانیانە دەکات، کە رەنگە ببێتە گرفت لەبەردەم زوو پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت، ئەویش ئەوەیە یەکێتی پێشکەشکردنی کاندیدەکانی بەستووەتەوە بە بابەتی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، لە کۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڕیاری ئەوەدراوە، هەرکات پرسی پارێزگاری کەرکووک یەکلاکرایەوە و پارتی رازیبوو بە دانانی پارێزگارێکی کوردی یەکێتی، ئەوانیش ئامادە دەبن سیڤی کاندیدەکانیان بۆ پۆستەکان پێشکەش بە مەسروور بارزانی بکەن، واتە یەکێتی ئەمڕۆ هیچ ناوێک ناداتە مەسروور بارزانی. بزووتنەوەی گۆڕانیش دەڵێ لە کۆبوونەوەی جڤات دواهەمین بڕیار لەسەر ناوی بەربژێرەکان دەدەین.

هەروەها مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی رۆژی یەکشەممە 16-6-2019 دوای کۆبوونەوەکەی پارتی لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەبارەت بە پرسی پارێزگاری کەرکووک لەنێوان پارتی و یەکێتی، گوتی: "هەموو شتەکانمان لەیەک جیاکردووەتەوە، پارێزگاری کەرکووک سیغەیەکی بۆ دیارییکراوە، ئەم بابەتە دەکەوێتە دەست جەنابی سەرۆک بارزانی لەگەڵ کاک کۆسرەت بۆ ئەوەی کە ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک بە دانانی پارێزگاریشەوە لای ئەوانە".




رووداو
Top