سەرۆك بارزانی پەیوەندی بە باوكی دلینەوە دەكات

سەرۆك بارزانی پەیوەندی بە باوكی دلینەوە دەكات
پاش تاوانی كوشتنی كچە 10 ساڵانەكەی دهۆك، مەسعود بارزانی دێتە سەر خەت و تەلەفۆن بۆ باوكی قوربانییەكە دەكات. باوكی كچەكە لەبارەی ناوەڕۆكی قسەكانی سەرۆك بارزانی لەو پەیوەندییەدا، دەڵێت بارزانی پێیگوتووە دلین كچی ئەوانیش بووە و ناهێڵن خوێنەكەی بەفیڕۆ بڕوات.

دلین وەلید، تەمەن 10 ساڵان، ئێوارەی رۆژی 5-6-2019 لە نزیك ماڵی خۆیان لە سەنتەری شاری دهۆك ون بوو، دوای سێ‌ رۆژ تەرمەكەی لەنێو باخێكدا لە نزیكەی یاریگەی دهۆك دۆزرایەوە. پاشان پۆلیس كەسێكی بە تۆمەتی كوشتنی دەستگیر كرد.

پۆلیس لە رێگەی كامێرای چاودێرییەوە بەدواداچوونی بۆ ونبوونی دلین كرد، چەند كەسێكی بەو تۆمەتە دەستگیر كرد كە لەگەڵ دلین بینراون، یەكێك لەوانە بكوژەكە بوو بە ناوی (ن.س) كە تەمەنی 47 ساڵە و باوكی دوو منداڵە.

جەستەی دلین بە جۆرێك شێوێندرابوو، چوار رۆژ تەرمەكەی لە پەیمانگەی دادپزیشكی دهۆك مایەوە. دوای پشكنین و توێكاری، رۆژی 12/6/2019 رادەستی كەسوكارەكەی كرایەوە.

كوشتنی دلین بەشێوەیەكی دڕندانە بوو، بۆیە كاردانەوەی زۆری بەدوادا هات، تاوەكو ئێستا چوار گردبوونەوە لە دهۆك كراون و زۆربەی ئەوانەی بەشدارییان لە گردبوونەوانەدا كردووە، داوای لە سێدارەكانی بكوژی دلینیان كردووە.

دوای تەواوبوونی پرسەكەی، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش هاتە سەر خەت و پەیوەندی بە باوكی دلینەوە كرد.

وەلید ئەحمەد باسی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی بارزانی كرد و گوتی: "سەرەتا سەرەخۆشی لێكردین و پاشان لە ئەحواڵی ئێمەی پرسی. سەرۆك بارزانی گوتی دلین تەنیا كچی تۆ نەبووە، بەڵكو كچی ئێمەش بووە، ناهێڵین مافی ئێوە بفەوتێ‌".

هەروەها دەڵێت: "سەرۆك بارزانی سوپاسی ئێمەی كرد كە كاردانەوەی توندمان نەبووە و بابەتەكەمان بۆ یاسا جێهێشتووە".

باوكی دلین هیچ داواكارییەكی لە بارزانی نەبووە و تەنیا پێیگوتووە "ئێمە پشتڕاستین كە ناهێڵی خوێنی دلین بە فیڕۆ بڕوات".


رووداو








باسنیوز
Top