جایكای ژاپۆنی سیستەمی ئاوەڕۆی هەولێر دەگۆڕێت

جایكای ژاپۆنی سیستەمی ئاوەڕۆی هەولێر دەگۆڕێت
بەبەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم ڕایگەیاند، لە ڕێگای ئاژانسی جایكای ژاپۆنییەوە بەشێك لە ئاوەڕۆی هەولێر دەفن دەكرێت و دووبارە سوود لە ئاوەكەی وەردەگیرێتەوە.



مەسعوود كاڕەش، بەرێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ڕێگای قەرزێكەوە كە ئاژانسی جایكای ژاپۆنی بە حكوومەتی عێراقی داوە. لە 10% ئاوەڕۆی هەولێر دەفن دەكرێت و ئاوەكەی دەگوازرێتەوە بۆ ناوچەی سوێری و دووبارە سوود لە ئاوەكە وەردەگیرێتەوە."



بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم ڕایشیگەیاند: "تێچووی گشتیی پرۆژەكە بە نزیكی (300) ملیۆن دۆلاری ئەمریكی دەبێت. پرۆژەكەش بە شێوەیەكی سەردەمیانە دەبێت، كە تێیدا جگە لە ئاوی ماڵان، ئاو و پاشەڕۆی (گەرماو و ئاودەست)یشی تێكەڵ دەكرێت و لە ڕێگای بۆڕییەكەوە دەنێردرێتە دەرەوەی هەولێر و دواتریش دەپاڵێورێت و خاوێن دەكرێتەوە. دەتوانرێت ئاوەكە بەكار بهێنرێت بۆ كشتوكاڵ، یان ئاودانی دارەكانی سەرشەقام."



مەسعوود كاڕەش ئاماژەی بەوەش دا: "قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە لە هەریەكە لە گەڕەكەكانی نەورۆز و نیشتمان دەست پێ دەكات. بۆ ئەم مەبەستەش چاوەڕێی حكوومەتی عێراقین كە پارەكە بنێرن و دەست بە كارەكان بكەین."


kdp -
Top