ئه‌ڵمانیا: له داهاتوودا وه‌ك هاوبه‌شێكی متمانه‌پێكراوی كوردستان و عێراق ده‌مێنینه‌وه
له نامه‌یه‌كدا به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردن و ده‌ستبه‌كاربوونی نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی نوێی هه‌رێمی كوردستان، هایكۆ ماس، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا پیرۆزبایی له نێچیرڤان بارزانی كرد و دووپاتی كرده‌وه، ئه‌ڵمانیا وه‌ك هاوبه‌شێكی راسته‌قینه‌ی متمانه‌پێكراوی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌مێنێته‌وه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا له نامه‌كه‌یدا گوتی: "به‌ناوی حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیای فیدراڵ، گه‌رمترین پیرۆزباییت لێ ده‌كه‌م، به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنت وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان".
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی، "هه‌ڵبژاردنی تۆ و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت، دوو مه‌رجی گرنگن بۆ قووڵكردنه‌وه‌ی هاوكاری و كاری هاوبه‌ش له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌تایبه‌ت له بواری ئه‌منی، هه‌وره‌ها بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و ته‌حه‌دیاتانه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌وه".
ماس له به‌رده‌وامی نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "بۆتان دووپاتیده‌كه‌مه‌وه، ئه‌ڵمانیا له داهاتووشدا وه‌ك هاوبه‌شێكی باوه‌ڕپێكراوی هه‌رێمی كوردستان و كۆماری عێراق ده‌مێنێته‌وه".
k24 -
