مەسروور بارزانی دووای سلێمانی سەردانی پێكهاتەكان دەكات
كلارا عودیشۆ، سەرۆكی فراكسیۆنی كلدانی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "كریستیان بڕیاریان داوە بەشدار بن لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دووای سەردانی مەسروور بارزانی بۆ سلێمانی و كۆبوونەوە لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە بەشداری لە حكوومەتدا دەكەن، سەردانی پێكهاتەكانیش دەكات و گوێ لە داخوازی و داواكاریی پێكهاتەكان دەگرێت كە چۆن و بە چ شێوەیەك بەشداری لە حكوومەتدا دەكەن، لە پەرلەمان سەرۆكی لیژنەیەكمان وەرگرتووە، بە تەئكید بەشداری لە حكوومەتیشدا دەكەین."
سەرۆكی فراكسیۆنی كلدانی لە پەرلەمانی كوردستان دەشڵێ: "حكوومەتی داهاتوو، حكوومەتێكی بەهێز دەبێت، ئێمەش وەكو پێكهاتەكان پشتگیری لەو حكوومەتە دەكەین و بە حكوومەتی خۆمانی دەزانین، چونكە باوەڕێكی گەورەمان بە مەسروور بارزانی هەیە كە ئەو كێشانەی هەن، چارەسەریان بکات. هەروەها ئێمە وەكو پێكهاتەكان باوەڕێكی زۆرمان بە مەسروور بارزانی هەیە، كە هەندێك هەنگاوی باش بۆ پێكهاتەكان بنێت، بۆ ئەوەی پێكهاتەكان زیاتر باوەڕیان بە هەرێمی كوردستان هەبێت و وڵاتی خۆیان بەجێ نەهێڵن، چونكە ئەو ڕووداوانەی كە بەسەر عێراقدا هاتن، وەک هاتنی داعش و ڕووداوەكانی پێش و دووای داعش، هەموویان كاریگەرییان لەسەر مەسیحییەكان هەبوو و وای كرد كە مەسیحییەكان ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن و لێرە بمێنەوە و نەگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان، بۆیە باوەڕێكی زۆر گەورەمان بە مەسروور بارزانی هەیە، وا لە مەسیحییەكان بكات كە وڵاتی خۆیان بەجێ نەهێڵن و ئەوانەی لە باشوور و دەشتی نەینەواش دەژین ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن و كێشە و داواكارییەکانیان چارەسەر دەکات و پرۆژەی خزمەتگوزاریی زیاتر بە گوند و ئاوایییەكانی پێكهاتەكان دەگەیەنێت".
