"گۆڕانکاری لە ئیدارەی مووسڵدا دەکرێت"

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا گۆڕانکاری لە پۆستەکانی ئیداری پارێزگای نەینەوا بکرێت و جێگری پارێزگاری مووسڵیش دەڵێ، ھەر بەرپرسێک کەمتەرخەم بووبێت لە کارەکەی دوور دەخرێتەوە.



سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەگەڵ ھەڵبژاردنی ئیدارەی نوێی پارێزگای نەینەوا، بڕیارە گۆڕانکاری لە فەرمانگەکانی حکوومەتی خۆجێی مووسڵدا بکرێت و ھەموو بەڕێوەبەر و بەرپرسانی یەکەی ئیداری، ئەوانەی ماوەیەکی زۆرە لە پۆستەکانیان بەردەوامن، دەگۆڕێن و کەسانی نوێ جێیان دەگرنەوە."



جێگری پارێزگاری نەینەوا دەڵێت: "لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە گۆڕانکاری دەکرێت، بێگومان گۆڕانکارییەکە ئەو بەرپرسانەش دەگرێتەوە کە لە ئەرکەکانیاندا کەمتەرخەم بوونە."

لەبارەی ئەو بەرپرس و فەرمانبەرانەوە کە بە تۆمەتی گەندەڵی لیژنەیان لەسەر پێک ھاتووە، ڕۆژبەیانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەموو ئەو کەسانەی بە ھەر تۆمەتێک لە مووسڵ لیژنەیان لەسەر پێک ھاتووە، دراونەتە دادگا و دادگا دۆسیەکانیان یەکلا دەکاتەوە."

سیروان ڕۆژبەیانی باس لە ھەوڵەکانی ئیدارەی نوێی پارێزگای نەینەوا دەکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و گوتی: "پلانمان ھەیە بۆ ئەوەی لە ھەموو بوارەکاندا خزمەتگوزاری پێشکەش بە ھاووڵاتییان و دانیشتووانی سنووری پارێزگای نەینەوا بکەین و، ئەو داھات و میزانیەی بۆ مووسڵ تەرخان دەکرێت، ھەمووی بۆ خزمەتی خەڵکی خەرج دەکەین."
kdp -
Top