مستەفا چاوڕەش: دەبێت لەم ماوەیەدا یەکێتی کاندیدەکانی یەکلایی بکاتەوە
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕايگەیاند، بڕیارە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ شەممە ١٥ی ٦ی ٢٠١٩ی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا قسە لەسەر پۆستەکان و ئەو سیڤییانە بکرێت کە پێشکەش کراون، ”هیوادارم ئامادە بووبن بۆ ئەوەی ئەو شاندە کە دێت، شتەکان یەکلایی بکرێتەوە، کاتەکانیش بۆ پێکهاتەی حکوومەت دەبێت لەم ١٠ تا ١٥ رۆژە کۆتایی بێت، برادەرانی مەکتەبی سیاسیش بڕیارەکانی خۆیان ئامادە دەکەن و پێشوازی لە شاندەکە دەکەن“.
بە دووریشی نەزانی بۆ هەر پۆستێک، سێ کاندید پێشکەش بکرێت و یەکێکیان یەکلایی بکرێتەوە، ”بڕیاری کۆنیشمان وایە کە سەرکردایەتی پۆستەکان یەکلایی بکاتەوە، تاوەکوو ئێستاش پۆستەکان یەکلایی نەکراونەتەوە، چونکە ئەگەر یەکلاکرابوونایەتەوە ئێستا پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەدەست هەڤاڵێکی ئێمەوە دەبوو“.
لەلایەن خۆیەوە حامید حاجی غالی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی رايگەیاند: ”ھاتنی شاندەکەی مەسرور بارزانی باشە، ھەموو گفتوگۆ و کۆبوونەوەیەک دەرگایەکی داخراو دەکاتەوە، دوای مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆکی ھەرێمیش جۆرێک لە ھێوربوونەوە ھەیە، حەزێک ھەیە بۆ ئاشتەوایی لەھەموو لایەکەوە و وەک یەکێتی ھەرچی پێمان بکرێت لەپێناوی ئاشتی دەیکەین“.
لەبارەی یەکلاکردنەوەی پۆستەکانەوە، ئەو سەرکردەیەی یەکێتی دەڵێت: ”ئێمە لەناو خۆماندا ئەو پرسە یەکلا دەکەینەوە، خەڵکانێک سیڤییان ناردووە لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیار لەسەر ناوەکان دەدرێت، ھەرچەندە سەرۆکی راسپێردراوی حکوومەت لە کۆبوونەوەکە ئەگەر داوای بەربژێرمان لێ بکات، ئێمە پێمان وایە تا پرسی بەغدا و کەرکووک و پرسی ھاوبەشی راستەقینە لەحکوومەت یەکلا نەکرێتەوە، ئاستەمە".
پێشتر شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بەرپرسی کۆمیتەی ڕێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتی ڕای گەیاندبوو کە هەرچەندە یەکێتی بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە هەموو کاتێک زیاتر یەکڕیزە، بەڵام بۆ هەر پۆستێک پێنج تا شەش کاندید هەیە و سەرکردەکانی حزبەکە هەوڵی گەیشتن بە پۆستەکان دەدەن و لەسەریشی ڕێک ناکەون.
لە ماوەی رابردوودا ناوی چەندان سەرکردەی دیاری یەکێتی، کە لەنێویاندا (شێخ جەعفەر، حاکم قادر حەمەجان، مستەفا چاوڕەش، عومەر فەتاح، عیماد ئەحمەد، قوباد تاڵەبانی، بێگەرد تاڵەبانی، ڕێواس فایەق، دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ، حەمەی حەمەسەعید و چەند سەرکردەیەکی دیکەی حزبەکە) هەن، وەک کاندید بۆ پۆستە جۆراوجۆرەکان هەن.
لەلایەکی دیکەوە مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە فەرمی رای گەیاندووە کە کوڕێکی بۆ پۆستی وەزیری پلاندانان کاندیدە و ”قەبووڵیش ناکەم غەدری لێ بکرێت“.
باسنيوز
