مەشعان جبووری: هەوڵى تیرۆرکردنی محەممەد حەلبووسی ئاشکرادەکات

 مەشعان جبووری:   هەوڵى تیرۆرکردنی محەممەد حەلبووسی ئاشکرادەکات
پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق رایدەگەیێنێت، بە مووشەک هێرشکراوەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

مەشعان جبووری، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و سەرۆکی پارتی وەتەن لە توویتێکدا رایگەیاند، ئەو مووشەکەی کە لە ناوچەی جادرییە کەوتووەتەخوارەوە بارەگانی نیشتەجێبوونی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی کردووەتە ئامانج و مانای وایە ئەو لایەنەی پێشتر هەڕەشەی لە حەلبووسی کردبوو، هەڕەشەکەی خۆی جێبەجێکرد، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ حیزبوڵڵای عێراقی.

هاوکات شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، مووشەکێک لە ناوچەی جادرییەی ناوەڕاستی شاری بەغدا کەوتووەتەوە خوارەرەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

لە کۆتایی مانگی رابردوو لە رێگەی نامەوە هەڕەشە لە محەممەد حەلبووسی کرا، سەباح کەربوولی، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی یەکێتی هێزە عێراقییەکان رایگەیاند، هادی عامری و سەرکردەکانی دیکەی حەشدی شەعبی لێکۆڵینەوەیان لەو هەڕەشانە کردووە.

بە گوتەی کەربوولی، هەڕەشەکانی سەر حەلبووسی بەهۆی هەڵوێستیەتی لە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە پێی لێکۆڵینەوەکانی هادی عامری و سەرکردەکانی دیکەی حەشدی شەعبی، هەڕەشەکە دروشمی حیزبوڵڵای عێراقی لەسەربووە.




رووداو
Top