وەزارەتی پەروەردە پەیجێک دەداتە داواکاری گشتی و پەیجەکەش وەڵام دەداتەوە
دوێنێ پێنجشەممە ١٣ی ٦ی ٢٠١٩، داواکاری گشتی لەسەر خواستی وەزارەتی پەروەردە، سکاڵای یاسایی لە دژی چەند پەیجێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆمار کرد کە ئەو پەیجانە دەروونی قوتابییان تێک دەدەنە، ئەمەش وایکرد لە بەدواداچوون لەسەر ئەو کەیسە بەردەوام بێت.
لە بەرامبەردا درەنگانی شەوی ڕابردوو، بە ناونیشانی (کێ دەروونی خوێندکار تێک دەدا؟)، پەیجی (زانکۆ لاین) وەڵامی وەزارەتەکەی داوەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە ئەوان ساڵانی ڕابردوو بەڵگەی دزەکردنی پرسیارەکانیان بە کەسێک لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە داوە، تاوەکوو بەبێ ئەوەی بڵاو بکرێتەوە، لەلایەن وەزارەتەوە ڕێوشوێن بگیرێتە بەر و مافی قوتابییان پێشێل نەکرێت، بەڵام زانکۆ لاین باسی لەوە کردووە کە بەبێ گرتنەبەری هیچ ڕێوشوێنێک، وەزارەتەکە سەرکەوتنی ئەزموونە گشتییەکانی راگەیاندووە.
زانکۆ لاین پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئاخۆ بۆچی داواکاری گشتی ساڵی ڕابردوو لە کاتێکدا بەڵگەش هەبووە کە تاقیکردنەوەکانی وانەی کیمیای پۆلی ١٢ و وانەی ئینگلیزیی پۆلی ٩ی بنەرەتییان بڵاوکردەوە، سکاڵای لە دژی لایەنی پەیوەندیدار نەجووڵاندووە؟
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەی پەیجەکەدا هاتووە: “لە تاقیکردنەوەی بیركاری و کوردی و عەرەبی، سهروو ٦ ههزار قوتابی خستییانه ٢ ساڵه و خهونی ١٢ ساڵییان نێژرا، چونكه رێگهیان نهدرابوو كاغهز به قوتابییان بدرێت تا وهك تیانووس بهكاری بهێنن بۆ شیكاركردنی پرسیارهكان، لهبری ئهوه خوێندكارانیان ناچاركردبوو لهسهر رهحله وهڵام بدهنهوه یان لهسهر دیوار. لەکوردی و عەرەبیش پرسیارەکان دەیان هەڵەی تێدابوو”.
یەکێکی دیکە لە بەڵگەکان ئاماژە بەوە دراوە کە له یهكهم تاقیكردنهوهی پۆلی ١٢ كه تاقیكردنهوهی كوردی بوو، ٤٩ پرسیار له كۆی ٥٠ پرسیاری تاقیكردنهوه، ههڵه و كهموكوڕیی رێزمانی تێدابووە و بووەتە هۆی ناڕەزایی هەزاران قوتابی، هۆکارەکەشیان بۆ ئەو کەسە گەڕاندووەتەوە کە پرسیارەکانی نووسیوە. جگە لەوەی لە تاقیکردنەوەی وانەی عەرەبیی پۆلی ١٢، “زۆربەی پرسیارەکان دەرەکیبوون و پرسیاری سوودانی هێندرابوونەوە، سەرەڕای بوونی هەڵەی زۆر لە پرسیارەکاندا”، هەروەک پەیجەکە باسی کردووە.
هەر لەو وەڵامەدا چەندان لینک دانراوە کە دوو لەو لینکانە، پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی عەرەبی و بیرکاریی پۆلی ٩ی بنەڕەتی لە پەیجەکە بڵاو کراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە پرسیاری کۆتایی ئەو دوو وانەیەیە کە لە هەمان ڕۆژدا بڕیار بووە قوتابییان تاقیکردنەوەی تێدا بکەن و دزەی کردووە.
هاوکات تۆمارێکی ڤیدیۆییش بڵاو کراوەتەوە کە هەرچەندە ڕوون نییە، تێیدا وادەردەکەوێت کەسێک دوێنێ پێنجشەممە ١٣ی ٦ی ٢٠١٩، بە بێتەل وەڵامەکانی وانەی ئینگلیزی بۆ قوتابییان دەخوێنێتەوە.
لە کاتێکدا، تاوەکوو ئێستا وەزارەتی پەروەردە بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاقیکردنەوەکان بە شێوەیەکی ئاسایی تێدەپەڕن و ئەگەر کەموکوڕییەکیش هەبێت، سنووردارە و ئەوان چارەسەری دەکەن.
باسنیوز
