لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان پاڵپشتی له‌ مه‌سرور بارزانی ده‌كه‌ن

لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان پاڵپشتی له‌ مه‌سرور بارزانی ده‌كه‌ن
رۆژی چوارشەممە 12/6/2019، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی حکوومەت راسپارد. راسپاردنی مەسرور بارزانی له‌ لایه‌ن لایەنە عێراقییەکانەوە پێشوازی بەرچاوی لێکرا.

سەرۆکی حزبی ئوممەی عێراقی دەڵێ، کابینەکەی مەسرور بارزانی، هاوشێوەی کابینەی دەوڵەتێک دەبێ و ناشیشارێتەوە کە تەحەدای گەورە لەبەردەم ئەو کابینەیە هەیە.

هاوکات سکرتێری حزبی شیوعی عێراقیش پێیوایە چارەسەری پرسەکانی پەیوەست بە کەرکووک و مافەکانی گەلی کوردستان لە بەغدا پێویستە کاری لە پێشینەی کابینەی نوێ بێت، چونکە ئێستا لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا هەیە.

میسال ئالووسی، سەرۆکی حزبی ئومەی عێراقی بە كوردستان24ی گوت: "کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێتە کابینەی بەرەنگاربوونەوەی تەحەداکان، پێموایە دەبێتە حکوومەتی دەوڵەتی کوردی، بەو مانایەی کە ئەگەر کورد خاوەن دەوڵەتیش بوونایە هەر حکوومەتێکی وەهایان دەبوو. هیوادارم هەموو لایەنە کوردستانییەکان یارمەتیدەری حکوومەتەکەی مەسرور بارزانی بن، تەنانەت ئەو کوردانەشی کە کیشەیان لەگەڵ خۆیان هەیە، دووپاتی دەکەمەوە هەموو دنیا متمانەی بەو حکوومەتە هەیە بەتایبەتی ئەمەریکا".

چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و لەسەروی هەمووشیانەوە کەرکووک، یەکێکە لەو پرسانەی چاوەڕێ دەکرێت بەشێکی گرنگ بێ لە کارنامەی حکوومەتی داهاتوو.

رائید فەهمی، سکرتێری حزبی شیوعی عێراق دەڵێ: "کێشەکانی پەیوەست بە نەوت و دەروازە سنوورییەکان و جێبەجێکردنی ماددەی 140 گرنگترین ئەو بابەتانەن کە دەبێت حکوومەتی نوێ چارەسەری بکات بە راوێژ لەگەڵ بەغدا، من پێموایە کە سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان و كابینەی نوێ دەتوانن ئەمە چارەسەر بکەن، بەتایبەتیش کە ئێستا تێگەیشتنی باش لە نێوان بەغدا و هەولێر هەیە".



K24
Top