پەیامى پیرۆزبایى و پشتیوانى سکرتێرى گشتیى YNDK بۆ بەڕێز مەسرور بارزانى

پەیامى پیرۆزبایى و پشتیوانى سکرتێرى گشتیى YNDK بۆ بەڕێز مەسرور بارزانى


براى بەڕێزمان جەنابى کاک مەسرور بارزانى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان

سڵاویکى برایانەى گەرم ...
هەڵبژاردنی جەنابتان لەلایەن پەرلەمانى کوردستان و راسپاردنتان لەیەن بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستانەوە بۆ پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمی کوردستان مایەى خۆشحاڵیمانە، بەناوی خۆمان و ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و کۆمیتەى سەرکردایەتى و ته‌واوی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەگەرمى پیرۆزبایتان لێده‌كه‌ین و هیواى سەرکەوتنان بۆ دەخوازین.
بێگومانین کەوا کەسایەتى و لێهاتوویى جەنابتان لەو پێگەیەدا دەتوانێ پرۆسەى سیاسى و حوکمدارى لە کوردستان زیاتر پێشبخات، ئومێدمان زۆرە کەوا جەنابتان بتوانن باشوورى کوردستان لە رووى سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى و دامەزراوەییەوە زیاتر گەشەپێبدەن و پێشبخەن، لەهەمان کاتدا چاومان لەوەیە کەوا بتوانن دەزگا و دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان زیاتر سیستماتیک بیکەن بە حکومەتى هەموو کوردستانیان و، دەرگاتان کراوە بێت بۆ گوێگرتن و راوێژکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و شارەزایان بۆ چۆنیەتى پێشخستنى سیستمى بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنى ئەو کیشە و گرفتانەى کە دێنە پێشەوە و کاریگەریان بۆ سەر پرۆسەى سیاسى کوردستان دەبێت، لەم پێناوەدا بۆ سه‌رخستنی كاره‌كانتان و بۆ به‌دیهێنانی مافه‌كانی گه‌لى كوردستان، ئێمه‌ له‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK تەواوى پشتیوانى خۆمان بۆ جەنابتان رادەگەینین و ئەوەى لە تواناماندا بێت هاوکارتان دەبین.
لەگەڵ رێزو خۆشەویستى دووبارەماندا.
هەر بژین و سەرکەوتووبن بۆ کورد و کوردستان.

براتان
غەفوور مەخمووری
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
12 / 6 / 2019 عەمان - ئوردەن
Top