بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە مەسروور بارزانی و شاندەکەی دەکات

 بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە مەسروور بارزانی و شاندەکەی دەکات
بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان رای دەگەیەنن کە ئەوان ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە شاندی مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی حکوومەت دەکەن و پێش لایەنەکانی دیکەش، ناوی کاندیدەکانیان پێشکەش دەکەن.



نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان ڕاگەیاند، ھەمان ئەو شاندەی کە دانرابوون بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە شاندی مەسروور بارزانی دەکات. گوتیشی: ”سەردانەکەی زیاتر پرسێکی پرۆتۆکۆلییە، چونکە پێشووتر لایەنەکان لەسەر وردەکاریی پۆستەکان ڕێککەوتوون و ئەم سەردانانە بۆ خستنەڕووی ناوی وەزیرەکانە“.



ئەوەشی نەشاردەوە کە شاندی گۆڕان لەلایەن جڤاتی نیشتیمانییەوە بڕیاری لەسەر دراوە و دەسەڵاتی ھەیە. گوتیشی: ”بۆ پرسی وەزیرەکان لێژنەیەکمان ھەیە، ئەو لێژنە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی جڤات یەکلاییان بکاتەوە و ماوەیەک دیاری دەکرێت بۆ کۆبوونەوە تا ناوی وەزیرەکان یەکلا بکرێتەوە و دواتر بدرێتە شاندی مەسروور بارزانی، بەڵام جارێ دیار نییە“.



لەلایەن خۆیەوە شێخ کامیل قادر، ئەندامی لێژنەی ھەڵسەنگاندنی سیڤییەکان و ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئێمە وەک لێژنەی ھەڵسەنگاندنی سیڤییەکان بە بڕیاری ئەو شاندەی ھەیە و بەبڕیاری خانەی ڕاپەڕاندنیش پابەندین و ئیشی خۆمان کۆتایی پێ ھێناوە، بەڵام تەنیا خانەی ڕاپەڕاندن دەتوانێت بە شاندەکەی پارتی بڵێت کە ئامادەین“.



ئەندامەکەی لێژنەی ھەڵسەنگاندنی سیڤییەکانی گۆڕان، جەخت دەکاتەوە ”ھەموو شتێکمان ئامادەیە و خانەی ڕاپەڕاندن دەتوانێت ئەوە بە کاک مەسرور بڵێت“. گوتیشی: ”پێدەچێت یەکەم لایەن بین لە پێشکەشکردنی ناوەکان“.



دوێنێ چوارشەممە ١٢ی ٦ی ٢٠١٩، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسوومێکی هەرێمی دەرکرد و تێیدا مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاسپارد.











باسنیوز
Top