بەریتانیا: خۆشحاڵین بە هەڵبژاردنی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت

 بەریتانیا: خۆشحاڵین بە هەڵبژاردنی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت


وەزیری دەوڵەتی بەریتانی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی بە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵە.

ئەندریو موریسن، وەزیری دەوڵەتی بەریتانی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە.

ئەندریو موریسن رایگەیاندووە، وڵاتەکەی پابەندە بە هەرێمی کوردستانێکی ”سەقامگیر و خۆشگوزەران“.

ئەو وەزیرەی بەریتانیا هەروەها رایگەیاندووە، ”خۆشحاڵبووم به قسه‌كردنم له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی نوێی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی و خۆشحاڵیشم به‌ هه‌ڵبژاردنی مه‌سرور بارزانی وه‌كو سه‌رۆكی حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان".

ئەندرو موریسن هیوای خواستووە حکوومەتی وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان پێکەوە کار بکەن بۆ پەرەپێدان بە ئازادییە ئاینییەکان و بەرزکردنەوەی رێژەی ئافرەت لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

رۆژی سێشەممە 11-6-2019، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ، مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناوزەد کرد و دواتریش ڤاڵا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، نووسراوی ناوزەدکردنەکەیان بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نارد.

رۆژی چوارشەممە 12-6-2019، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راسپارد.

رۆژی 28-5-2019، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدی ئەو حزبەی بۆ سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان، هەڵبژارد و رۆژی دووشەممە 10-6-2019ش بە ئامادەبوونی سەدان سەرکردەی باڵای کوردستانی، عێراقی و جیهانی، سوێندی یاسایی خوارد.





باسنیوز
Top