گرنگترین وێستگەکانی ژیانی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی هه‌رێم

 گرنگترین وێستگەکانی ژیانی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی هه‌رێم

مەسرور بارزانی كه‌ بە فەرمی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راسپێدرا، تەمەنی 50 ساڵە و لە 16 ساڵیشەوە بووەتە پێشمەرگە، لە ساڵی 2012ەوە بووەتە راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

گرنگترین وێستگەکانی ژیانی مەسرور بارزانی لەم راپۆرتەدا خراونه‌ته‌ ڕوو.

سەرۆکی داھاتووی حکوومەتی کوردستان.. مەسرور بارزانی.

مەسرور مەسعود مستەفا بارزانی، لە ١٩٦٩/٣/٢ لە گوندی دیلمان لە ناوچەی باڵەکایەتی چاوی بە دنیا ھەڵھێناوە.

لە ھاوینی ساڵی ١٩٨٥ لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا پەیوەندیی بە ریزەکانی لەشکری پێشمەرگەی کوردستان کردووە و بەشداریی شۆڕشی گوڵانی کردووە.

ساڵی ١٩٨٨ بەشداریی مەیدانی داستانی بەناوبانگی (خواکوەڕك)ی کردووە لە ‌دژی سوپای رژێمی دیکتاتۆریی بەعس و بە کامیرای تایبەتیی خۆی، بەشێکی نەبەردییەکانی پێشمەرگەی تۆمار کردووە، کە بە یەکێك لە فیلمە دۆکیۆمێنتەرییەکانی شۆڕشی چەکداری گەلی کوردستان دادەنرێت.

ساڵی ١٩٩١ بەشداریی لە راپەڕینی گەلی کوردستان کردووە.

سەرەڕای ئەوەی بە ھۆی شۆڕش و بەرخودانی گەلی کورد، ژیانی منداڵیی خۆی لە ئاوارەیی بەسەر بردووە، بەڵام قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە ئێران بەسەرکەوتوویی بڕیوە.

ساڵی ١٩٩٢ بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی چووەتە لەندەن، پایتەختی بەریتانیا، بۆ ماوەی ساڵێك لەوێ خوێندوویەتی.

دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن، ڕووی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە و لە زانکۆی ئەمریکی لە واشنتن دی سی(١٩٩٣- ١٩٩٧ )، دەستی بە خوێندن کردووە، بە سەرکەوتوویی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە سیاسییەکان بەدەست ھێناوە.

پاشان لە ھەمان زانکۆ بۆ بەدەستھێنانی بڕوانامەی ماستەر، لە بواری ئاشتی و چارەسەریی ناکۆکییەکان، خوێندوویەتی.

ساڵی ١٩٩٨ گەڕاوەتەوە کوردستان و بەشداریی لە کۆنگرەی ١٢ی پارتیی دیموکراتی کوردستان کردووە و بە دەنگی بەشداربووانی کۆنگرە، بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ھەڵبژێردراوە و ئەرکی بەڕێوەبردنی ئاژانسی پاراستن و ھەواڵگریشی پێ سپێردراوە.

ساڵی ٢٠٠٥، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وەك دەزگایەکی مرۆیی، خێرخوازیی قازانج نەویست، بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی و ھاوکاریی بە ئاوارە و پەنابەران، دامەزراندووە.

لە کۆنگرەی ١٣ی پارتیی دیموکراتی کوردستان، کە لە ساڵی ٢٠١٠ بەڕێوە چوو، یەکەمین دەنگی بەشداربووانی کۆنگرەی بەدەست ھێنا و بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا.

بە فەرمانی سەرۆك بارزانی و بە بڕیاری ژمارە( ٦٨ ) لە ٣٠/ ٤/ ٢٠١٢، بووەتە راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان.

لە دوای ئابی ٢٠١٤، لە بەرپەرچدانەوە و رووبەڕووبونەوەی ھێرش و پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی لەگەل ھاوپەیمانان پێکھێنا، کە ئەم ھەوڵە ھاوبەشە رۆڵێکی کاریگەریی لە ئاراستەکردنی ھێڕشە ئاسمانییەکان و بەڕیوەبردنی ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکان لە دژی تیرۆریستان ھەبوو.

مەسرور بارزانی لەگەل سەرۆك بارزانی بە شێوەیەکی مەیدانی لە بەرەکانی جەنگ ئامادە دەبوو، بەشداریی لە سەرپەرشتیکردنی زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش کردووە.

دامەزرێنەر و سەرۆکی فەخریی بۆردی زانکۆی ئەمریکی کوردستانە لە دھۆك، کە له‌‌ دێسەمبەری ٢٠١٣ بەردی بناغەی پرۆژەکەی دانا.

خێزاندارە و خاوەنی سێ کوڕ و کچێکە بە ناوەکانی(یاسمین، ئارین، بەرزین، ئاران).

وێڕای زمانی دایك، زمانەکانی فارسی، ئینگلیزی و عەرەبی دەزانێ.

خولیای خوێندنەوە، شێوەکاریی، ئەسپسواریی و مەلەوانیی ھەیە.

k24-
Top