عارف ڕوشدی: مەسرور بارزانی بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی لایەنەکان دەکات
ڕاوێژکارێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، مەسرور بارزانی بە سەرۆکایەتیی شاندێک، سەردانی لایەنەکان دەکات.
عارف روشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاند: مەسروور بارزانی شاندێک پێکدەھێنێت کە زۆرتر ستافێکی حکوومەت دەبێت، سەردانی حزبەکان دەکات، یەکەم لایەن کە سەردانی بکات یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە و دواتر بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنە پێکھاتەکان.
ڕاوێژکارەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی داوای لە لایەنەکان کرد، ناوی کاندیدەکانیان ئامادە بکەن و ڕای گەیاند: ”ھەر حزبێکیش کاندیدی بۆ پۆستەکان ئامادە نەبێت، کابینە حکوومییەکە دروست دەکرێت و شوێنەکانیان بە بەتاڵی دەمێنێتەوە تا خۆیان یەکلا بکەنەوە، بەڵام باوەڕ ناکەین گرفت لەو بارەوە ھەبێت و پێش ماوەی دیاریکراوی خۆی، مەسرور بارزانی کابینەی نوێی حکوومەت پێکدەھێنێت“.
دوێنێ سێشەممە ١١ی ٦ی ٢٠١٩، مەسرور بارزانی بە فەرمی لەلایەن پەرلەمانی کوردستان و بە دەنگی ٨٧ ئەندامی پەرلەمان لە کۆی ٩٧ پەرلەمانتاری ئامادەبوو لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ناوزەد کرا.
باسنیوز
