ئافرەتان گەشبینن بە پشتگیریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

 ئافرەتان گەشبینن بە پشتگیریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
ئافرەتان بە گەشبینیەوە دەڕواننە ماوەی سەرۆكایەتیی سەرۆكی هەرێم لە چوار ساڵی داهاتوودا، چونكە كاتێك كە سەرۆكی حكوومەت بووە سەردەمێكی زێرین بووە بۆ ئافرەتانی كوردستان، ئافرەتی لە زۆر كێشە و ئاستەنگ دەرباز كرد، بۆیە چاوەڕوانی دەستكەوتی زیاترین.

هۆزان خورشید، چالاكی بواری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "پیرۆزبایی لە تەواوی ئافرەتانی هەرچوار پارچەی كوردستان دەكەم كە كەسێكی وەكو نێچیرڤان بارزانی بوو بە سەرۆكی هەرێم، چونكە چۆن لە ڕابردوو پشتگیریی لە ئافرەتان كردووە، لە چوار ساڵی داهاتووشدا پشتگیری لە ئافرەتان دەكات و كاری باش بۆ ئافرەتان دەكات و لە زۆر كێشە و ئاستەنگ ڕزگاریان دەكات و ژیان و گوزەرانێكی خۆش بۆ ئافرەتان دابین دەكات."

خەدیجە كازم، ئافرەتێكی دیكەیە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونی كردەوە: "هیوادارم چۆن لە كابینەكانی پێشوودا سەركەوتوو بووە و پشتگیری لە چینی ئافرەتان كردووە و كاری باشی بۆ كردووە و یەكسانیی لە نێوان ئافرەت و پیاودا دروست كرد، لە داهاتووشدا زیاتر پشتگیری لە ئافرەتان بكات."

د. ڤیان سلێمان، سكرتێری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "ئێمە وەكو ئافرەتانی كوردستان زۆر گەشبینین، چونكە ئەو كاتەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتیی حكوومەتی دەكرد، سەردەمێكی زێڕین بووە بۆ ئافرەتانی كوردستان، بەدەستهێنانی كۆمەڵێك ماف و ئازادی، لەگەڵ شێوازی بەشداریكردنی ئافرەت، ئافرەتی لە زۆر كێشە و ئاستەنگ دەرباز كرد، لە چوارچێوەی كاركردن لە ماڵ ڕزگاری كردن و وای كرد كە بێتە نێو كۆمەڵگە و ڕۆڵی خۆی ببینێت، شكۆی مرۆڤایەتیی بۆ ئافرەت گەڕاندەوە، ئێمە چاوەڕوانی دەستكەوتی زیاترین، هەم لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری و لەگەڵ كردنەوەی كۆمەڵێك دەرگەی دیكە بۆ بەشداریی زیاتری ئافرەت لە دەسەڵاتدا، چاوەڕی دەكەین ڕێژەی ئافرەت لە دەسەڵاتی دادوەریدا زیاتر ببێت، هەروەها ڕێژەی ئافرەت لە ناو هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشدا زیاتر بكرێت، هەروەها هەموو ئەو یاسایانەی كە لە پەرلەمان پەسەند دەكرێن، چاوەڕوان دەكەین هەر یاسایەك كە باڵانسی جێندەریی تێدا نەبێت و بە شێوەیەك لە شێوەكان جیاوازیی بخاتە نێوان ئافرەت و پیاو، ئەو یاسایە ڕەت بكاتەوە، ئەو شاندانەی كە بۆ دەرەوە دەستنیشان دەكات ڕێژەی ئافرەتی تێدا زیاد بكات كە نوێنەرایەتیی هەرێم دەكەن لە دەرەوە، هەروەها ئەو كەسانەی توندوتیژی دەكەن بەر لێبۆردنی گشتیی سەرۆكی هەرێم نەكەون".

kdp--
Top