"نێچیرڤان بارزانی ھەمیشە ڕۆڵی خێری ھەبووە بۆ یەکڕیزی و ئاشتەوایی"

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە ڕابردوودا ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبووە لە ئاشتەوایی و یەکخستنی بۆچوونە جیاوازەکان و لایەنە سیاسییەکان پێشبینی دەکەن لە قۆناغی داھاتووش سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بکاتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی ھەموو پارت و لایەنە کوردستانییەکان.



ھیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی یازدەی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "نێچیرڤان بارزانی لە دوای ڕاپەڕینەوە ڕۆڵێکی گەورەی ھەبووە لە ئاشتەواییی نێوخۆیی و چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەگەر دیقەت بدەین بە درێژاییی ساڵانی ڕابردوو، کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەت بووە، لە کاتی ھەبوونی کێشەکاندا ھەمیشە دەستپێشخەر بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە دانوستان و گفتوگۆ، ھەموو لایەنەکانیش گەواھی ئەو ڕاستییە دەدەن، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی چ ڕۆڵێکی خێری ھەبووە لە کاتی ناکۆکی و لێکترازانی لایەنە سیاسییەکاندا."



ھیوا گەیلانی دەڵێت: "ئێمە چاوەڕێ دەکەین لە قۆناغی داھاتووشدا نێچیرڤان بارزانی ھەمان ڕۆڵی ڕابردووی ھەبێت، بگرە زیاتریش، چونکە پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی ھەرێم دەخاتە بەردەم بەرسیاریەتیی گەورەتر. ڕاستییەک ھەیە، دەمەوێ ئاماژەی بۆ بکەم، نێچیرڤان بارزانی ھێندە نەرم بووە و نازی لایەنە کوردستانییەکانی ھەڵگرتووە ئێمە زۆر جار گلەییمان ھەبووە لە بەڕێزیان، بۆیە لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانیش دەبێتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی ھەموو لایەنە کۆک و ناکۆکەکان."



گۆران جەلال، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، لەبارەی ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانییەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "نێچیرڤان بارزانی، وەک سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لەگەڵ ئاشتەوایی و ڕێکخستنی نێوماڵی کورد بووە، ھەتا لە کاتی ھەبوونی کێشەکانیشدا ھیچ کاتێک نێچیرڤان بارزانی لێدوانی توندی نەداوە، بەردەوام لە دڵنەوایی و دژی لێکترازانی ھەموو لایەنەکان بووە، ئێمە دەخوازین لە پۆستە نوێیەکەیدا ئەو سیاسەتە قووڵتر بکاتەوە و ھەموو لایەنەکان لە دەوری سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کۆ بکاتەوە، چونکە بەڕاستی ھەر ئەوە خزمەتی کوردستان دەکات."



جەلال ڕوونی کردەوە: "قۆناغی داھاتوو و ئێستاش ئەوەمان لێ دەخوازێت یەکڕیز و یەکگرتوو بین، لەبەر ئەوەی پێم وایە ئێستا ڕەوشەکە زیاتر مەترسیدارە و دەبینین لەسەر ئاستی ئیقلیمی و جیھانی ئاڵۆزییەکی گەورە ھەیە، دەوروبەرمان بە عێراقیشەوە ئەوەمان پێ دەڵێت، ئەگەر نزیکمان نەکاتەوە لە یەکتر لەنێو ھاوکێشە ھەرێمی و جیھانییەکاندا، ئەوە کاتێکی وەک ئێستا بە گرینگ نازانین بۆ یەکڕیزی و ئاشتەواییی نێوخۆ."

kdp-
Top