د. ڤیان: لایەنە عێراقییەكان نەگەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ دیاریكردنی وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ

 د. ڤیان: لایەنە عێراقییەكان نەگەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ دیاریكردنی وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ
بڕیارە لە رۆژانی داھاتوودا پۆستە وەزارییەكانی عێراق یەكلا بكرێنەوە، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیش لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، تا ئێستا لایەنە عێراقییەكان نەگەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ دیاركردنی وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ.

دكتۆر ڤیان سەبری، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "فشارێكی زۆر ھەیە بۆ تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی فیدڕاڵ، لەبەر ئەوەش بڕیارە لە رۆژانی دابێت ئەو وەزارەتانە پڕ بكرێنەوە، كە ھێشتا پۆستەكانیان بە ھەڵواسراوی ماونەتەوە، بێگومان پڕكردنەوەی چوار وەزارەتی حكوومەت زەروورە، چونكە رەوشی عێراق بەرگەی ئەوە ناگرێت چوار وەزارەتی گرینگی حكوومەت پڕ نەكرێنەوە".

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی گوتیشی: "لە ماوەكانی رابردوودا رەوشی ئەمنیی عێراق بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر چووە، بە تایبەتی داعش سەری ھەڵداوەتەوە، لەبەر ئەوە پێویستە وەزارەتەكان پڕ بكرێنەوە، بە تایبەتی ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری، كە وا دەخوازێ سائیروون و فەتح خۆیان یەكلا بكەنەوە بۆ دانانی وەزیرەكان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ھەردوو لایەنی سەرەكیی عێراق نەگەیشتوونەتە ھیچ رێككەوتنێك".

لەبارەی پڕكردنەوەی پۆستەكان بە وەكالەت، دكتۆر ڤیان سەبری دەڵێت: "ئەو قسەیە لە شەقامی عێراقی و ھەتا لەنێو پەرلەمانیشدا ھەیە، كە پرسی بەڕێوەبردنی وەزارەتەكان بە وەكالەت رەت بكرێتەوە، زۆر زەحمەتە سەرۆكوەزیرانی عێراق بتوانێ سەرۆكوەزیر بێت و لە ھەمان كاتدا دوو وەزارەتی دیكەی گرینگ بەڕێوە ببات".


kdp-
Top