"ئیدارەی مووسڵ بەفەرمی داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکات"
سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تا ڕەوشی مووسڵ لە ڕووی ئەمنییەوە سەقامگیر نەبێت، ھیچ پلانێکمان سەرناگرێت، چونکە جووڵەی داعش لە مووسڵ زیادی کردووە و بەھۆی کەمیی ھێزی ئەمنی و سەربازییەوە لە سەنتەری مووسڵەوە تا دەگاتە ناوچەی شنگال و سنووری سووریا داعش دەستی بە جووڵە کردووە و پەرەی سەندووە."
جێگری پارێزگاری مووسڵ گوتی: "ئێمە داوامان کردووە پاراستنی ڕەوشی ئەمنیی نێو شاری مووسڵ بە پۆلیسی ناوخۆ بسپێردرێت و دەوروبەری مووسڵیش بە ھەمانگیی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا پارێزگاریی لێ بکرێت و ھێزێکی ھاوبەشی سوپا و پێشمەرگەی تێدا جێگیر بکرێت."
پەیوەست بەوەی کە ئیدارەی مووسڵ بەفەرمی داوای گەڕانەوەی پێشمەرگەی بۆ مووسڵ کردووە، سیروان ڕۆژبەیانی ڕوونی کردەوە: "بەڵێ، بۆ ئەو شوێنانەی کوردستانین لە دەوروبەری مووسڵ ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە و مەلەفی پاراستنی ناوچەکە بە پێشمەرگە بدرێت."
kdp-
