ناوچەی ''ئارام'' لە نێوان دەرکردنی هێزە دەرەکییەکان و پاراستنی ناوخۆییی سووریادا

 ناوچەی ''ئارام'' لە نێوان دەرکردنی هێزە دەرەکییەکان و پاراستنی ناوخۆییی سووریادا
ناوچەی ئارام پرسە ئاڵۆزەکەی نێوان وڵاتە زلهێزەکانە لە سووریا و هێزە کوردستانییەکانیش تەنیا ناوی دەزانن و هیچ زانیارییەکان لەسەر ئەو ناوچەیە نییە.

لایەنە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆچوونێکی هاوبەشیان هەیە بۆ ئەو پرسە نێودەوڵەتییەی ئەمەریکا ورووژاندوویەتی، بۆ ئەوەی ناوچەکە لەژێر پاراستنی نێودەوڵەتێدا بێت و دەڵێن: "دەبێ پێکهاتەکانی ئەو ناوچەیەش لە پاراستن و بەڕێوەبردنی ناوچەکەدا دەوریان هەبێت." ئەنەکەسە دەیەوێ پشکداریی کاری بەرێوبردن بکات و لە ڕووی ئەمنییشەوە پێشمەرگەکانی، کە پێشمەرگەی ڕۆژن و لە هەرێمی کوردستانن بچنەوە ناو سووریا و پارێزگاری لە ناوچەی ئارام بکەن.



جارێکی تر ناوچەی ئارام خرایە بەر باس

ئەمەریکا ماوە ماوە پرسی ناوچەی ئارام دێنێتە بەرباس، لە دووایین هەڵوێستیشیدا داوای لە ئەڵمانیا کرد لەو ناوچە ئارامەدا پشتیوانییان بکات. ئەوەی بەلای ئەمەریکاوە گرنگە، ئەوەیە کە لە سووریا هێژمۆنییەکی بەهێزی هەبێت، بەتایبەت لە باکووری سووریا و ڕۆژهەڵاتی فورات، چونکە هەرکەس ئەو ناوچەیە کۆنترۆڵ بکات، دەست بەسەر ڕووبەرێكی تری ناوچەکەدا دەگرێت. ئەڵمانیاش لە ڕیگای وەرارەتی دەرەوە پشتیوانیی لە داواکەی ئەمەریکا کردووە بۆ پاراستنی ناوچەکە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا لەسەر ئەم خاڵە بۆچوونی جیاوازیان هەیە.

تورکیاش دەیەوێ ئەو ناوچەیە لەژێر دەستی خۆیدا بێت و ئەوەش بۆچوونێکی تاکلایەنەیە، ئەمەریکاش ئەم بۆچوونەی تورکیای بە هەڵواسراوی هێشتووەتەوە. تورکیا نایەوێ بە هیچ شێوەیەک یەپەگە و پەیەدە لەو ناوچەیەدا پشكدار بن، بۆیە هەنگاوەکانی دامەزراندنی ئەو ناوچەیە هەندێک خاو بوون. بەشێک لە چاودێران و سیاسەتوانانی ڕۆژئاوای کوردستان پێیان وایە، ئەمەریکا دەیەوێ هەموو لایەنێکی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا پشکداری لەو ناوچەیەدا بکەن، چونکە تورکیا نایەوێت هەندێک لایەن پشکدار بن و پەیەدەش نایەوێت هەندێک هێز پشکدار بن، هەندێک هێزی نێودەوڵەتییش دەیانەوێ ئەو ناوچەیە هەر نەبێت.



لایەنەکان ڕوو لە هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی دەکەن

لەو بارەیەوە ئەندامیکی دەستەی سیاسیی ئیئتلافی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، عەبدولڵا گەدۆ، دەڵێ: "کێشەی ناوچەی ئارام پەیوەست بە لایەنێک نییە تاکو بڕیار بدات، دەبێ ڕەزامەندییەکی نێودەوڵەتییش هەبێت و هەمووان ڕازی بن، چونکە ئەم کێشەیە پێوەندیی بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە." گەدۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "دەبێ هەرێمی کوردستان ڕازی بێت، چونکە ئەنەکەسە هێزێکی قبووڵکراوە و پێشمەرگەی ڕۆژ هێزێکی قبووڵکراوی جیهانییە، کە دەبێ پشکدار بن و ئێستا لە هەرێمی کوردستانن."

هەر بۆ ئەم مەبەستەش شاندی دانوستانکاری ئۆپۆزسیۆنی سووریا سەردانی سەرۆک بارزانییان کرد و ڕۆڵی سەرۆکیان لە هێورکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکەدا بە گرنگ نرخاند.

چەندین سەرکردەی سەربازییش لەبارەی ڕەوشی ناوچەکەوە سەردانی مەسروور بارزانییان کرد و ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم دەربارەی ئاڵۆزیی ناوچەکە و خراپیی دۆخی کوردانی سووریاوە هۆشداریی پێ داون.

چاودێرانیش دەڵێن، دامەزراندنی ئەم ناوچەیە بۆ ڕازیکردنی هەموو هێز و لایەنەکانە و بۆ ئەوەیە ئەمەریکا هاوپەیمانەکانی لە سووریا لەدەست نەدات، چونکە ڕووسیا بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی ڕژێم دەکات.

هێشتا ڕوون نەبووەتەوە کە شێوازی دامەزراندنی ناوچەکە چۆن دەبێت، تەنیا ئەوە دیارە کە سەرۆکی ئەمەریکا لە تیوێتێکدا نووسیبووی: "ناوچەیەکی ئارام بە درێژاییی 20 میل لەسەر سنووری تورکیا و سووریا دادەمەزرێنین."

kdp-
Top