عەلی خەلیل: پۆستە ئیداری و ئەمنییەکانی مووسڵ وەردەگرینەوە
عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای مووسڵ لەدەست پارتیدایە و پۆستی پارێزگار و قایمقام بۆ عەرەبەکانە. پێش شەڕی داعش کۆمەڵێک پۆستی دیکە لەدەست ئێمەدا بوون، ئێستا لە گفتووگۆداین بۆ ئەوەی ئەو پۆستانە وەربگرینەوە، چونکە یەک لەسەر چواری پۆستەکان پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانن بە حوکمی ئەوەی لە ئەنجومەنی پارێزگا و قەزای مووسڵ ١٨ کورسیمان ھەیە."
عەلی خەلیل گوتیشی: "بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە، یاخود تەندروستی و پۆستی بەرێوەبەری پۆلیس، یاخود بەڕێوەبەری ھەواڵگریی مووسڵ و چەند پۆستێکی دیکە وەردەگرین، چونکە ئێستا پارتی و کورد ھیچ پۆستێکی ئەمنیی لە مووسڵ نییە، بۆیە پۆستێکی باڵای ئەمنییش وەردەگرینەوە."
خەلیل باسی لەوەش کرد: "ھەوڵ دەدەین پۆلیسی نێوخۆیی و ھاتوچۆ و کارەبا و بەرگری و ئەوانەی دیکەش کە لادراون، ھەموویان بگەڕێنەوە بۆ سەر کاری خۆیان. ئێستا کە ئیدارەیەکی نوێ لە مووسڵ دروست بووە، ئێمەش بە مافی خۆمانی دەزانین پۆستەکانمان وەربگرینەوە."
kdp-
