دوای سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم ڕۆژی سێشەممەش پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە
ئومێد خۆشناو، رايگەیاند: "ئامادەکاریی تەواو بووە بۆ رۆژی سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کراوە و لەکاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت و نوێنەرانی وڵاتان و دیپلۆماتکاران لە کوردستان، سەرکردە سیاسی و کوردستانی و عێراقییەکان و چەندین میوانی جۆراوجۆر بەشدار دەبن و مەراسیمەکە لە ھۆڵی سەعد عەبدوڵا بەڕێوە دەچێت، سەرۆکی ھەرێم ئەو رۆژە لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاسایی دەخوات و دەست دەکات بە بەرنامەکانی".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕوونیشی کردەوە: "دواتر وەک پەرلەمان ئەجێندا و بەرنامەکانی کاری پەرلەمان دەست پێ دەکەین کە دوو بڕگەیە و بڕگەیەک سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە، بڕگەی دووەم ناوزەدکردنی سەرۆکوەزیرانە، کاتێکیش کۆبوونەوەکەی سەرۆکی ھەرێم کۆتایی ھات، رۆژی دواتر لە ھۆڵی پەرلەمان کۆبوونەوەی دیکەی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت”.
ئومێد خۆشناو جەختی کردەوە: “ئێمە وەک فراکسیۆنی زۆرینە و لیستی براوەی ھەڵبژاردن، ناوی کاندیدی سەرۆکی حکوومەت کە بەڕێز مەسروور بارزانییە، پێشکەش دەکەین کە پرۆسەی ناوزەد دەبێت و مەرسوومی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی بۆ دەردەچێت، بەوەش سەرۆکی حکوومەت رادەسپێردرێت و ماوەی مانگێکی لەبەردەستە تا کابینەکەی پێک بهێنێت، بەڵام زووتر لە ماوەی دیاریکراو، کابینەی نوێ دەست بەکار دەبێت".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی هیوای خواست ھەموو فراکسیۆنەکان لەو پرۆسە پرۆتۆکۆلییەدا بەشدار بن، “تا نزیکبوونەوە لە نێوان حزبەکان روو بدات".
باسنيوز
