لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە: وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
ئەمڕۆ شەممە ٨ی حوزەیرانی ٢٠١٩، رێبوار بابکەیی، بەرپرسی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان ڕايگەیاند، کاتژمێر ١١ی ڕۆژی دووشەممە، بەپێی بانگهێشتنامەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت“.
ڕوونیشی کردەوە: ”هۆڵی پەرلەمان جێگەی میوانەکانی تێدا نابێتەوە، بۆیە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا مەراسیمەکە دەکرێت“، میوانەکانیش لەسەر سێ ئاست بانگهێشت کراون:
یەکەم: لە ئاستی ناوخۆی کوردستان، بەرپرسانی حزبەکان و لایەنەکان و کەسایەتییەکان بانگهێشت کراون.
دووەم: لە ئاستی عێراقدا بەرپرسانی ئیداریی و حکوومی و حزبی بانگهێشت کراون.
سێیەم: لە ئاستی دەرەوەی وڵاتدا، بەرپرسانی باڵا بانگهێشت کراون، سەرەڕای باڵیۆز و کونسوڵی وڵاتان.
ئەمڕۆ شەممە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق دەکات، لەبارەی ئەوەی ئاخۆ سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات، ڕێبوار بابکەیی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”بەپێی زانیارییەکانی من، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات“.
باسنيوز
