کەسایەتییەکی کورد بۆ بینینی سەرۆکی ئەمریکا ٢٦ شەو لە هۆتێلەکەی ترەمپ دەمێنێتەوە

کەسایەتییەکی کورد بۆ بینینی سەرۆکی ئەمریکا ٢٦ شەو لە هۆتێلەکەی ترەمپ دەمێنێتەوە
کەسایەتییەکی کورد، داوا لە بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران، هاوکاری بکەن و بە مەبەستی بینینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش، ٢٦ شەو لە هۆتێلەکەی ناوبراو دەمێنێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی (واشنتۆن پۆست)، نەهرۆ کەسنەزانی، لەم دواییانەدا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا لە ڕێگەی کەناڵە نافەرمییەکان و نووسینی نامە بۆ جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی و مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، چڕ کردووەتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە کەسنەزانی داوای لە بەرپرسانی ئەمریکا کردووە، گورز لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بوەشێنن، هەروەها داوای کردووە پڕۆژە سەربازییەکان لە ناوچەکە بەخۆی بدرێت و هاوکاریی بکەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران.

هاوکات ئەوە ئاشکرا کراوە کە نەهرۆ کەسنەزانی لەم دواییانەدا سەردانی ئەمریکای کردووە و ٢٦ شەو لە هۆتێلەکەی ترەمپ لە واشنتۆن ماوەتەوە، ئەمەش بەلای چاودێرانی سیاسییەوە جێگەی گومانە و پێیانوایە مانەوەی نەهرۆ کەسنەزانی لەو هۆتێلە، بە مەبەستی لۆبیکردن و نزیکبوونەوەیە لە کەسانی دەوروبەری دۆناڵد ترەمپ.

هەر لەو ڕۆپۆرتەدا باس لەوە کراوە، لە کاتێکدا نەهرۆ کەسنەزانی دەیەوێت پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق وەربگرێت، بەڵام لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە بە تۆمەتی گەندەڵی داواکراوە و بەو هۆیەوە ئێستا لە ئوردن ژیان بەسەر دەبات.

ئەو کەسایەتییە، پێشتر لە سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری لەسێدارەدراوی عێراق نزیک بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٣دا هاوکاریی هەواڵگریی ئەمریکای کردووە، بە مەبەستی لادانی سەدام حوسێن.










باسنيوز
Top