کەرکووک.. دیسان ئاگر لە دەغڵودانی جووتیارانی کورد بەر بوو
مولازم یەکەم قەیس عەبدولڕەزاق، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی کەرکووک ڕايگەیاند: "نزیک کاتژمێر١٠ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٥\٦\٢٠١٩ لە ناحیەی تەللوەرد دەغلودانی هاووڵاتییان سووتان و ئێمە وەک تیمەکانی بەرگریی شارستانی چووینە شوێنی ڕووداوەکە و ئاگرەکەمان کۆنترۆڵ کرد".
ڕوونیشی کردەوە: "تا ڕۆژی ١\٦\٢٠١٩ لە سنوورە پارێزگای کەرکووک (٣٩) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە ڕووی داوە، هەورەها سێ هەزار و (٢٥٢) دۆنم بەو هۆیەوە سووتاون، لەگەڵ ئەوەشدا (٢٧) هەزار و (٧٥٥) دۆنم توانیومانە ئاگرەکەی کۆنترۆڵ بکەین و ڕێگری لە سووتانی دەغلەکەی بکەین.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی کەرکووک ئاشکرای کرد: "کاتژمێر ٢ی شەوی ڕابردوو لە حەویجە ١٥٠ دۆنم سووتاوە".
لەبارەی ئەوەی ئایا ئەو ئاگرانەی لە سنووری پارێزگای کەرکووک و لە دەغڵودانی هاووڵاتییان بەر دەبن چەندی بە ئەنقەست کراوە؟، گوتەبێژەکەی بەرگریی شارستانیی کەرکووک جەخت دەکاتەوە: "بێگومان ئەنقەستی تێدایە، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس و دەرەنجامی کۆتایی ئەوە دەردەخەن".
باسنيوز
