پۆلیسی سلێمانی داوایەک لە هاووڵاتییان دەکات
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕايگەیاند: "لە یەکەم ڕۆژی جەژندا هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو تۆمار نەکراوە، تەنیا ماتۆڕسکیلیک کە خۆی وەرگەڕاوە و شۆفێرەکەی دوای ئەوەی دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن گیانی لە دەست داوە، و ئەمڕۆ چوارشەممە ٥\٦\٢٠١٩ کە دووەم ڕۆژی جەژنە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو لە سلێمانی تۆمار نەکراوە".
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی گوتیشی: "لە شوێنە گەشتیارییەکان و ئەو جێگایانەی هاووڵاتییان ڕووی تێدەکەن هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس، بەرگریی فریاکەوتن و لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی بە جلی سەربازی و مەدەنی لێیە، هەروەها پێمان گوتوون کە ڕێنمای گەشتیاران بکەن".
سەرکەوت ئەحمەد داوا لە هاووڵاتییان دەکات کە خۆیان لە تیژڕەوی، خواردنەوەی مەی و شۆفێرکردن، هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بە دوور بگرن، چونکە هێزەکانمان لێپرسینەوە دەکەن، ئاماژەی بەوەش دا ”ڕەنگە لە هەندێ شوێن بازگە بۆ پشکنین دابنێین".
باسنيوز
