خانەقین.. حەشدی شەعبی ڕەز و باخی کورد دەسووتێنن

خانەقین.. حەشدی شەعبی ڕەز و باخی کورد دەسووتێنن
بەرپرسێکی پارتی لە خانەقین ڕای دەگەیەنێت، حەشدی شەعبی جیاواز لە سووتاندنی ڕەز و باخی جووتیارانی کورد، داوای خاوەندارێتیی موڵکی کوردەکان لە سنوورەکە دەکەن.

شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین ڕايگەیاند: "ئێوارەی دوێنێ سێشەممە ٤\\٦\٢٠١٩ چەند باخێکی جووتیارانی کورد لە ناحیەی سەعدییە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە سووتێنراون، دوو ڕۆژ پێش ئەوەش سێ ڕەز و باخی دیکە لەو ناوچەیە سووتێنراون، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر دەغلودانەکانیان سووتاند و ئێستاش دەستیان بە سووتاندنی ڕەز و باخەکان کردووە".

بەرپرسەکەی پارتی هۆکاری سووتاندنی ئەو باخانە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە حەشدی شەعبی دەیەوێت کوردەکان بەتەواوی دەستبەرداری موڵک و ماڵەکانیان ببن و کوچ بکەن".

گوتیشی: "ئەو عەرەبە هاوردانەی لە ٢٠٠٣ گەڕانەوە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئێستا جارێکی‌تر هاتووننەتەوە و داوای موڵکایەتی (سەرانە)ی ئەو چەند ساڵە دەکەن کە کوردەکان لە زەوییەکانی خۆیان کشوکاڵیان کردووە، واتە بەتەنیا داوای زەوی ناکەن، بەڵکوو داوای موڵکایەتیش دەکەن".

شێخ جەعفەر مستەفا ئەوەشی خستە ڕوو: "کاتی خۆی مام جەلال تاڵەبانی کە کرا بە سەرۆک کۆمار هیچ هەنگاوێکی بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ نەنا لەناو ئەو مادەیەش خاڵێک هەیە پێی دەگوترێ (مەسالیحی ئیسلاحی زەراعی) کە سەرۆک کۆماری ئەو کات هەندێ لە موڵکەکانی کوردی کرد بەناو عەرەب و بۆ هەندێک موڵکی دیکەش مافیان بە عەرەبەکان دا و مامەڵەی پێوە بکەن، مام جەلال دەسەڵاتی هەبوو کە ئەم بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە سەرۆک کۆماری عێراق بوو، بەڵام نەیکرد".









باسنيوز
Top