بوومەلەرزەیەک قەسرشیرینی کرماشانی هەژاند

بوومەلەرزەیەک قەسرشیرینی کرماشانی هەژاند
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بوومەلەرزەیەک بە گوژمی 4.9 بە پلەی ڕیشتەر لە قووڵایی 11 کیلۆمەتریی زەوی سنووری شاری قەسرشیرینی لە پارێزگای کرماشان هەژاند.

بەپێی هەواڵ و زانیاریی ناوەندی بوومەلەرزەناسیی سەر بە زانکۆی تاران، ئەو بوومەلەرزەیە کاتژمێر 8 و 6 خولەک و 16 چرکەی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 2019.6.5 لە سنووری شاری قەسری شیرینی هاوسنووری خانەقین ڕووی داوە.

بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 11 کیلۆمەتریی زەوی و لە نۆ کیلۆمەتریی قەسرشیرین و 18 کیلۆمەتریی سەرپێڵ‌زەهاو و 42 کیلۆمەتریی شاری گێڵانی ڕۆژئاوای کرماشان ڕووی داوە.

هەتا ئیستا لەبارەی خەسار و زیانی گیانی و مادیی ئەم بوومەەلرزەیە هیچ زانیارییەک بڵاو نەکراوەتەوە.

سێ خولەک پێشتریش واتە کاتژمیر 8 و 3 خولکە و 6 چرکەی ئەمڕۆش بوومەلەرزەیەکی دیکەش بە گوژمی 4.4 بە پلەی ڕیشتەر لە دەوروبەری قەسرشیرین ڕووی داوە.

هاوکات فەرمانگەی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی گەرمیان لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كردووە "بەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 4.5 پلەی رێختەر لە قوڵایی 10 كیلۆمەتر بە دووری 35 كیلۆمەتر لە سەنتەری کەلار روویدا".

بەپێی راگەیەندراوەكە چەقی بوومەلەرزەی یەكەم گوندی کلانتەر لە نێوان قەسرشیرین - سەرپێڵی زەهاوی بووە.

ھەر بەپێی كەشناسی گەرمیان بوومەلەرزەیەكی دیكە بە پلەی 4.9 گوڕ بە دووری 33 كیلۆمەتر لە سەنتەری کەلار روویداوە چەقی بوومەلەرزەی دووەم گوندی سەیدسەعید بووە.










باسنيوز
Top