خەڵكی خانەقین رازی نەبوون وێنەی شەھیدان و ئاڵای كوردستان دابگیرێن

 خەڵكی خانەقین رازی نەبوون وێنەی شەھیدان و ئاڵای كوردستان دابگیرێن
بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین گوتی، حەشدی شەعبی پیلانی دانابوو كە لە خانەقین ھەرچی وێنەی شەھید و ئاڵای كوردستان هەیە دایانبگرێت و خەڵكێكی زۆریش بۆ ئەو مەبەستە كۆبكاتەوە، بەڵام خەڵك كۆنەبوونەوە و شكستیان خوارد و كوردیش بە ھیچ شێوەیەك رازی نەبوون و رێگرییان لێ كردن.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حەشدی شەعبی پیلانێكی دانابوو كە خانەقین لە رێگەی ورووژاندنی خەڵك و ھێزەكانی خۆیەوە داگیر بكات، بەڵام خەڵكیان پێ كۆنەبووەوە و كوردیش بە ھەموو شێوەیەك رووبەڕوویان بوونەوە و حەشد شكستیان خوارد".

شێخ مستەفا گوتیشی، حەشد پیلانیان دانابوو كە ھەموو بازگەكان داگیر بكەن، ئەوەیان كرد و دواتر ویستیان خەڵك كۆبكەنەوە و لە رێگەی ھێزەكانی خۆیانەوە لەناو خانەقین ھەرچی وێنەی شەھید و ئاڵای كوردستانە دایبگرن و ئەوشارە داگیر بكەن، بەڵام كورد رازی نەبوو و ھەموو ھەوڵێكیشیان دا و نەیانتوانی ٧٠كەس كۆبكەنەوە، بۆیە ئەو پیلانەی دایاننابوو سەری نەگرت.

بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دەشڵێ، ئێستا حەشدی شەعبی دەیانەوێت جارێكی دیكە ھەوڵ بدەن پیلانەكەیان جێبەجێ بكەن، بەڵام خەڵكی خانەقین رێگری دەكات و بە ھیچ شێوەیەك رازی نابێت دەستكاریی رەمزەكانیان بكرێت.
kdp-
Top